Hemin Hüseyin
06 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2017
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەراوردکاری بەرهەمەکانی کشتوکاڵی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ خستەڕوو کە تێیدا ئاماژەی بەهۆکار و دەستنیشانکردنی جۆر و بەرهەمەکان کرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی: "ئێمە دوو ئەرکی گرنگمان لەسەر شانە، یەکەمیان بریتییە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، دووەمیشیان بریتییە لە دابینکردنی ئاسایشی ئاو کە ئەوەش زۆر گرنگە و بنچینەی ژیانە و ئەمەش بەدروستکردنی بەنداو و دروستکردنی حەوزی ئاو دابین دەکرێت".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "ئێمە لە دووساڵی رابردوودا هەوڵمانداوە لەو دوو ئەرکەمان هەنگاوی دروست بنێین و پڕۆژەی باش جێبەجێ بکەین و بۆ ئەوەی خەڵکی دڵنیا بکەینەوە کە ئێمە هەنگاوەکانمان بەکوێ گەیشتووە بۆیە ئێستا چەند بەراوردکارییەک لەنێوان دووساڵی رابردوودا دەخەینەڕوو کە یەکەمیان بەراوردی بەرهەم دەکەین لەنێوان ساڵی ٢٠١٤ – ٢٠١٦ بۆ ئەوەی بزانین چەند بەرهەممان زیادیکردووە و لە کوێدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە کە ئەو بەرهەمانەیشی زیادیان کردووە بەم شێوەیەن: 'بەرهەمی گەنم بەبڕی ٨٤٢ هەزار و ١٩٩ تۆن زیادیکردووە و گۆشت بەبڕی ٣٨ هەزار و ٢٢٥ تۆن و سەوزە بەبڕی ١٩٤ هەزار و ٩٠٧ تۆن و میوە بەبڕی ٣ هەزار و ٣٩٢ تۆن و شیر بەبڕی ٣٣ هەزار و ٨٧٢ تۆن و هەنگوین بەبڕی ٥٢ تۆن و ٦٠٠ کیلۆ و تەماتە ٢١ هەزار و ٤٢٣ تۆن و پەتاتە ١٥٢ هەزار و ٧٧٠ تۆن و ئاروو ٢٠٠٦ تۆن زیادیکردووە".
سەبارەت بەو بەرهەمانەیشی کە لەماوەی ئەو دووساڵەدا کەمیان کردووە، عەبدولستار مەجید گوتی: "هەروەها ئەو بەرهەمانەی کەمییان کردووە بریتین لە هێلکە و ئاروو و هەنار و خۆخ و سێو. لە دووساڵی رابردوودا بەهۆی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا و راگرتنی ناردنی هێلکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەلایەن حکوومەتی بەغدا، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ کەمکردنی ئەو بەرهەمانە".
پڕۆژەی سەرچاوەکانی ئاو یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئەو وەزارەتەیە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو بەتایبەت لەماوەی رابردوودا بەهۆی گرتنەوەی ئاوی سیروان لەلایەن ئێرانەوە، کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ هەبوو لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەم بابەتەش، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید گوتی: "پڕۆژەی زۆرمان هەیە بۆ بەنداوەکان بۆ ئەوەی بتوانین ئاسایشی ئاو دابین بکەین و لەم نێوەندەشدا ئێستا خاوەنی ١٧ بەنداوین و دەبێت ئەوەش بزانین لە سەردەمی پێش راپەڕین ٣ بەنداو هەبووە لە هەرێمی کوردستان، ئەوانی دیکە لە دوای کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێم دروست بووە، ئێمە شەش بەنداومان لەم کابینەیەدا تەواو بووە و هەندێکیان ماوە رێوڕەسمی کردنەوەیان بۆ بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی ٩١ حەوزی ئاوین کە پێشتر ٧١ حەوزی ئاو هەبووە، واتا لەو کابینەیەی ئێستادا ٢٠ حەوزی ئاو دروستکراوە، جگە لەوەش لە ئێستاشدا ٢٩ حەوزی ئاو لە ژێر جێبەجێکردندایە و بەگشتی ئێمە خاوەنی ١٠ هەزار و ٢٧٠ پڕۆژەی ئاودێرین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تیشکی خستەسەر سامانی ئاژەڵ و
ئاماژەی بەوەکرد کە ژمارەیەک پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەر زیادیکردووە و گوتی: "لە دووسالەی رابردوودا، ٣٣ پڕۆژەی پەلەوەر زیادیکردووە و ٣٠ پڕۆژەی ئاژەڵداری و ٤٧ پڕۆژەی ماسی و ٥٠ پڕۆژەی باخداری و ١٠٠ پڕۆژەی خانووی پلاستیکی و ٢٠ باخی زەیتوون زیادیکردووە کە یەکێک لە کارگەکانی زەیتوون بەپاڵپشتی حکوومەتی ئیتاڵیایە".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەو گرێبەستانەش کرد کە لەگەڵ شوێنە جیاجیاکان واژوویان کردووە و لەمبارەیەوە گوتی: "لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گرێبەستێکمان واژووکردووە بۆ ئەوەی بتوانین سوود لەو زانست و زانیارییە ببینین کە هەماهەنگی یەکتربین وئەنجامێکی باشی هەبێت و هەروەها لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری بیلاروسیا گرێبەستێکمان هەیە و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رێککەوتنێکی ١٠ خاڵیمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بە بەهای ٣ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار پڕۆژەیەکمان ئەنجامداوە لەگەڵ رێکخراوی جی ئای زیی ئەڵمانیا بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ٢ هەزار و ٩٩٤ ئاوارە و هاووڵاتیی".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید راشیگەیاند کە لەماوەی ئەو دووساڵەدا بڕی ٢٠٠ هەزار جوجکە بۆ وڵاتی لوبنان و ٦٠٠ هەزار فستقی گێڵکەیی بۆ وڵاتی ئێران و ٢٦ تۆن خوری مەڕ بۆ ئەفغانستان و ئێران و ٦ هەزار تۆن پەلەوەر بۆ سووریا و ٢٦ هەزار و ٥٠٠ تۆن پێست بۆ تورکیا و ئێران هەناردەکراون.