Hemin Hüseyin
24 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2017
هەولێر-AA
یادی ٢٢ ساڵەی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی لە شاری هەولێر کرایەوە و بەم بۆنەوەیە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتە و چین و توێژەکان بە مەبەستی پیرۆزباییکردن سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانییان کرد و لە لایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف و ئەندامانی سەرکردایەتی پێشوازییان لێکرا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف گوتی: "ئەمڕۆ یادی ٢٢ ساڵەی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی عێراقییە کە لە شاری هەولێر دامەزرا، بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ لە سەرجەم ئەو شارانەی کە پێکهاتەی تورکمانی تێدایە، پێشوازی لە لایەنە سیاسیی و پێکهاتەکانی دیکە دەکەن و لە شاری هەولێریش بە هەمان شێوە پێشوازیمان لە لایەنە سیاسییەکان کرد".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی بەردەوام پشتیوانی لە پێکەوەژیان و تەبایی و یەکڕێزی دەکەین و هەمیشە بەرگری لە مافەکانی تورکمان دەکەین لە هەرێمی کوردستان و عێراق".
بەرەی تورکمانی لە ٢٢/٤/١٩٩٥ لە شاری هەولێر دامەزرا و ماوەی ٢٢ ساڵە نوێنەرایەتی پێکهاتەی تورکمان دەکات و لە ئێستاشدا خاوەنی ٥ کورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە پەرلەمانی کوردستانیش خاوەنی یەک کورسییە.