Salim Xemexan
24 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2017
ھەڵەبجە - AA
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، کاوە شێخ عەلی لە میانی کۆنفرانسێکی ھەواڵیدا پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی رەوتی سەدردا بۆ میدیاکاران گوتی: "لەگەڵ بەڕێز سەید ئەحمەد سەدر و شاندی یاوەری ھەندێک وتوێژی گرنگمان کرد و سەبارەت بە ھەڵەبجە بەڕێزیان بەلێنیان دا بە ھەموو شێوەیەک چ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چ لە ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکەن و خۆشیان ھەوڵی باش بدەن بۆ ئەوەی پارێزگای ھەڵەبجە چەند ھەنگاوێک لە بە پارێزگابوونی بڕواتە پێشەوە".
لای خۆیەوە سەرۆکی شاندی رەوتی سەدر، ئەحمەد سەدر کە ھاوکات برازای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەکەیە بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ھاتووین بۆ ئێرە بۆ تۆمارکردنی ھەڵوێستمان و بینینی مێژووی ئەو تاوانانەی کە رژێمی سەددام حسێن دەرھەق بە خەڵکی کوردستان و ھەموو عێراق بە گشتی ئەنجامی داوە، لەگەڵ دەربڕینی ھاوخەمی و ھاوسۆزیمان لەوپەڕی ناخی دڵمانەوە بۆ ھەموو ئەو تاوانەی ئەنجام دراون دژ بە برایانمان لێرە کە قوربانی ئەو تاوانکاریانەن".
گوتیشی: "ئێمە پشتگیر و پشتیوانین و خودی سەید موقتەدا سەدر ھەڵوێست و پشتگیری گەورەی لەگەڵ گەلانی عێراقیدا ھەیە لە پێناو رزگاربوون لە دیکتاتۆریەت لەھەر کات و شوێنێکدا، ھەمیشە پاڵپشتی گەلەکەمان دەکەین، پشتیوانین بۆ نەھێشتنی ستەم و ھەموو نەھامەتیەکان داوا لە خوداش دەکەین پشتیوانمان بێت لە وڵاتە ئازیزەکەماندا لە باکووری تا باشووری".
دواتریش لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆ دەربارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان لەگەڵ شاندی رەوتی سەدر، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە گوتی: "کوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراقدا کاریگەریان ھەیە، بۆیە گرنگترین ئەو تەوەرە و بابەتانەی گفتوگۆمان لەسەرکردن بریتی بوون لە چەند تەوەرەیەک سەرەتا باسمان لە ئیشوکارە ئیداریەکانی پارێزگای ھەڵەبجە کرد کە ھێشتا لە رووی ئیداریەوە کارەکانی تەواو نەبوون، بۆیە بەلێنی دا ئەم بابەتە بگەیەنێتە سەرۆکوەزیران، تا بە گشتاندنێک بگەیەنرێتە سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق، تا ھەڵەبجە وەکو پارێزگایەک بناسێنرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکەن و ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە پێویستە لە شارەکە بکرێنەوە کاری ئیداریی و یاساییان بۆبکرێت".
گوتیشی: "لە بەشێکی تری گفتوگۆکانماندا باسی پشکی ھەڵەبجەمان لە یاسای بوودجەدا کرد بەڵام بە ھۆی ئەوەی ساڵانە دوای پەسەندکردنی لە یاسای بوودجەدا، ئەنجوومەنی وەزیران تانەی لێدەدات ئەو ماددانە ھەڵدەوەشێنرێنەوە، بەڵێنی بەدواداچوونی ئەو بابەتانەشیان پێداین".
شێخ عەلی زیاتر گوتی: "ھاوکات باسێکمان لە دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە کرد کە کوتلەکەی ئەوان پشتگیری فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکات لە پێناو بە یاساییکردنی ئەم دۆسیەیە و ھەماھەنگی کردن لەگەڵ پەرلەمانی ئێران بۆ بە یاساییکردنی سۆراغی منداڵانی ونبووی کیمیابارانی ھەڵەبجە بۆ ھەموو ئەو تەوەرانە بەڵێنی ھاوکاریی و ھەماھەنگی و بەدواداچوونیان دا".
لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە رایگەیاند "لای خۆیانەوە شاندی میوان داواکاربوون وەکو ھەڵەبجە بە فەرمی سەردانێکیان بکەین و لە نزیکەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە بکەین، ئێمەش ھەوڵی رێکخستنی ئەو دیدارە ئەدەین تا لە نزیکەوە لەگەڵ کوتلەی پەرلەمانیان و سەید موقتەدا سەدر دابنیشین و گفتوگۆی زیاتر لەسەر بابەتەکان بکەین".