hemn husain
05 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2016
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، دکتۆر یوسف گۆران و شاندی یاوەری لە ئەڵمانیا چەند دامەزراوەیەکیان بەسەر کردەوە و کۆمەڵێک دیداری زانستییان ئەنجامدا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوی کردەوە "وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی لە بارەگای سەرەکی دامەزراوەی ئەڵمانی، لەگەڵ سکرتێری ئەو ناوەندە، دکتۆر جێنز پیتەر گاوڵ تیشکی خستە سەر ھێڵە گشتییەکانی ریفۆرمی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بوارەکانی گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی توانای مامۆستایان و گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم و زمانی گەیشتن بە سەرچاوە نوێیەکانی زانیاری. ھەروەک روونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی پرۆسەی رێزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر رەوتی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان پپێشکەش بە ئامادەبووان کرد. هەروەها دکتۆر یوسف گۆران ئەو ھەنگاوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی خستەڕوو، کە تایبەتن بە بەستنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری ھەرێمی کوردستان بە ناوەرۆک و بابەتی پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان و گرنگیدان بە گەشەپێدانی خوێندنی ڤۆکەیشنەڵ (پیشەیی)".
هەر بەپێی هەواڵەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی لە دانیشتنەکەدا باسی سیستەمی وەرگرتنی قوتابییان کراوە و هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی تیشکی خستەسەر ریفۆرم و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی سیستمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەیش گوتی: "ئەمساڵ بەشێک لە پرۆسەی وەرگرتن لە رێگای سیستمی وەرگرتنی زانکۆیی دەبێت، کە خوێندکاران دەتوانن داواکاری راستەوخۆ بۆ ئەو بەشانە پێشکەش بکەن کە لەگەڵ ویست تواناکانیاندا دەگونجێت، لەوەیشدا زانکۆکان دەتوانن لە پرۆسەی وەرگرتندا رۆڵی کارایان ھەبێت' ".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی تیشکی خستووەتە سەر سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە: "ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان 5 ملیۆن کەسە، بەڵام لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی عێراق و سووریا لە ئێستادا زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ھەرێمی کوردستانیش بە سەرکەوتوویی توانیوویەتی ژیانی شایستە بۆ ئاوارەکانی عێراق و سووریا دەستەبەر بکات و لە ھەمان کاتیشدا ئارامی و ئاسایش بە سەقامگیری بھێڵێتەوە".
ھەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە کۆنفرانسی ھاوبەشی نێوان وەزارەتەکەی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و تایبەتە بە گفتوگۆی زانستیی دەربارەی پەرەپێدانی بیری میانڕەوی و پێکەوەژیان و رێزگرتن لە جیاوازی ھەر بەو بۆنەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا داوەتنامەی فەرمی پێشکەش کرد بۆ دامەزراوەی ریکتۆر کۆنفرانس بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە، داواشی کرد کە لە رێگەی سکرتاریەتی ئەم دامەزراوەیەوە ژمارەیەک لە توێژەری دیاری زانکۆکانی ئەڵمانیا لەم بوارە بانگھێشت بکرێن بۆ بەشداری لە کۆنفرانسەکە".
دواتر سکرتێری بارەگای سەرەکی دامەزراوەی ئەڵمانی، دکتۆر جێنز پیتەر گاوڵ لە میانی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کارە سەرەکییەکانی دامەزراوەی ریکتۆر کۆنفرانس و گوتی: "ئەم دامەزراوەیە بریتییە لە چەتری کۆکردنەوەی ھەموو زانکۆکانی ئەڵمانیا کە تیایدا 268 زانکۆ و دامەزراوەی خوێندنی باڵا ئەندامن، کارە سەرەکییەکانی بریتییە لە دروستکردنی ھەماھەنگی لە نێوان زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە بوارەکانی توێژینەوە و خوێندن و فێرکردن و پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان و ئاڵوگۆڕی زانست و تەکنەلۆجیا و بەڕێوەبردن و پەیوەندی دامەزراوەیی".
ریکتۆر کۆنفرانس دامەزراوەیەکە کار دەکات بۆ دروستکردنی دیدگا و سیاسەتی ھاوبەش لە نێوان زانکۆکانی ئەڵمانیا و زانیاری پێویست بۆ ھەموو زانکۆکان دەستەبەر دەکات و راوێژی پێویست لە بارەی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا پیشکەش بە حکوومەتی ئەڵمانیا دەکات. لەھەمان کاتدا ھەوڵ بۆ پیشخستن و پەرەپێدانی کوالیتی لە زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکەی خوێندنی باڵا دەدات.
هەر لەو سەردانەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشنیازی کردووە کە بۆڕدێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی و رێکخراوی دی ئەی ئەی دی ئەڵمانیا پێکبهێندرێت بۆ سەرپەرشتی و جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی ئایندەی نێوان هەردوولا.
لە کۆتایی هەواڵەکەدا هاتووە "بڕیاری پێکھێنانی ئەم بۆردە لە میانی دیدارێکی نێوان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دکتۆر یوسف گۆران و بەرپرسی یەکەمی پرۆگرامەکانی زەمالەی خوێندن لە رێکخراوی دی ئەی ئەی دی، کرستیان ھیولس ھێرستەر هات و کرستیان هیولس ئامادەیی خۆی و تیمەکەی نیشان دا بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی".