jamal sargaty . Sarmand Barzinji
15 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2016
سلێمانی
فێستیڤاڵەكە شەوی رابردوو لە رێوڕەسمێكدا و بەئامادەبوونی باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە بەغدا و باڵیۆز و كونسوڵگەری وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و نوێنەرانی حكومی و حزبی شاری سلێمانی كرایەوە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش نمایشكردنی فیلمەكان دەستی پێكرد.
ئەندامی لیژنەی رێكخەری فێستیڤاڵ ناز ساڵح لە بارەی فێستیڤاڵەكەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەمە دووەمین فێستیڤاڵە كە لە شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت و ساڵی پار یەكەمین فێستیڤاڵ بەرێوەچوو كە لەلایەن باڵیۆزخانە و كونسوڵگەری وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا پێشنیار كراوە كە لە هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت".
ناز گوتی: "لەم فێستیڤاڵەدا 16 فیلم نمایش دەكرێن و 10 فیلمی بیانی و 6 فیلمی كوردیش لەگەڵ فیلمەكانی تردا نمایش دەكرێن ، هەروەها دوو سیمینار بەرێوەدەچن كە ئەوانیش باس لە یاساكانی سینەما و پرۆدەكشنەكانی سینەما دەكەن".
دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی یەكێتی ئەورووپا لە سلێمانی بۆماوەی یەك هەفتە بەردەوام دەبێت و سەرجەم فیلمەكان لەماوەی ئەم هەفتەیە نمایش دەكرێن.
ئەندامێكی تری لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەكە تەلار عەبدول بۆ ئانادۆڵو گوتی: " ئەم فێستیڤاڵە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەوەی كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەورووپا ئاڵوگۆڕی كلتووری روودەدات و شارەزای كلتووری هەردوولا دەبین".
ئەو ئاماژەی بۆئەوەشكرد: "فیلمەكانی ئەم فێستیڤاڵە لە دوو شوێنی جیاواز نمایش دەكرێن ئەوانیش شاری جوان و ئینستیوتی كەلەپووری كورد و كە سەرجەم فیلمەکان بە ئامادەبوونی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەری ووڵاتان نمایش دەكرێن".
ئەو فیلمە بیانیانەی كەنمایش دەكرێن سەرجەمیان ژێرنووسی كوردیان بۆ كراوە تاوەكو بینەرانی فیلمەكان لێیان تێ بگەن .