Sarmand Hameed
24 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2022
ھەولێر-AA
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لەپێناو رێگەگرتن لە دیاردەی گزییکردن، بڕیارداوە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی قۆناعی ١٢ی ئامادەیی، ئینتەرنێت لە ھەرێمی کوردستان رابگیرێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: "لەژێر چاودێری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بە مەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی گزی یاخود لەکاتی بەڕێوەچوونی ئەزموونەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ھەماھەنگیی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت لە ٢٧ی ئەم مانگەوە لە کاتژمێر ٦:٣٠ تاوەکو ١٠:٣٠ بەیانی سەرجەم ھێلەکانی ئینتەرنێت لە ھەرێمی کوردستان رادەگیرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەھۆی ئەوەی ھێلەکانی ئینتەرنێت لە کاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی پاڵپشتی سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی گزییکردن، بۆیە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رێگرییکردن لە دیاردەکە ئەم ھەنگاوە ساڵانە بەھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەت و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەگیرێتەبەر.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە لە وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، تاقیکردنەوەکان لە حەوت وانە لەگەڵ بابەتەکانی زمانی تورکی و زمانی سریانی و پەروەردەی مەسیحی بۆ قوتابیانی پێکھاتەکان و بابەتی پەروەردەی ئێزدی کە لەگەڵ بابەتی زمان و ئەدەبی کوردی ئەنجام دەدرێت.