Rewa Mahmood Hasan
14 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2021
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ سێشەممە، راپۆرتی حەوتەمی چالاکی، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکرایەوە کە لەلایەن رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان ئامادەکرابوو.
راپۆرتەکەی رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بۆ یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ تا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١ە و تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای نوێنەرەکانی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کراوە.
بەپێی ئەنجامی راپۆرتەکە، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بوونی نووسینگەی سلێمانی ئەنجوومەنەکە بەگرنگ نازانن لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکەن وەک پێویست ئامادەییان نەبووە، تەنانەت چوار پەرلەمانتار لە ماوەی ساڵی رابردوودا، یەکجاریش سەردانیان نەکردووە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، زۆرجار ئەو نوێنەرانە هەر بەدواداچونێکیان کردبێت ئەنجامی کۆتاییان نەبووە، نەیانتوانیوە وەک یەک تیم نوێنەرەکان کاربکەن.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، رێزان شێخ دلێر ئاماژەی بەوە دا کە ئامادەکردنی ئەو جۆرە راپۆرتانە کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر گۆڕینی ئەدای نوێنەرانی خەڵک لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و گوتی: ''ئەم جۆرە راپۆرتانە کار دەکاتە سەر ئەوەی پەرلەمانتاران و نوێنەرانی پارێزگاکان زیاتر هەوڵ بدەن بۆ گەیاندنی دەنگی ئەو ناوچانەی کە لێوەی دەرچوون، تاوەکو زیاتر هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن".
رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای نوێنەرانی سلێمانی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات.