Ali Makram Ghareeb,Hozan Mohammed Jabbar
13 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2023
کەرکووک - AA
راگەیەندرا رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، شوانێکی تورکمانی کوشتووە کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لە قەزای خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەددین باکووری عێراق رفاندبووی.
مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە عەلی ئەکبەر کە لە میانی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی لە نزیک چیای مورسا عەلی لە قەزای خورماتوو لەلایەن ئەندامانی داعشەوە رفێندرابوو، بە سەربڕایی دۆزراوەتەوە.
بە ئاماژەدان بەوەی کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش سیاسەتی تۆقاندن دژبە خەڵکی ناوچەکە پەیڕەو دەکات، راگەیەندرا کە بە ئامانجگرتنی تورکمانەکان لەو ناوچانە جێگەی نیگەرانییە.
بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئاسایشی ئەو ناوچانە مسۆگەر بکرێت، داوا کراوە کە پێویستە حکوومەتی ناوەندیی هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکانی خورماتوو و دەوروبەری بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە تورکمانەکان بەهۆی پەلامارەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا، دوو کەسیان لەدەستداوە.
رۆژی سێی ئادار بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی پاسەوانەکانی بەرەی تورکمانی عێراقی لە کەرکووک، ئەحمەد تاهیر لە ئەنجامی کردەوەیەکی تیرۆریستییدا گیانی لەدەست دا. سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، حەسەن توران رایگەیاندبوو کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە پشت کوشتنی ئەحمەد تاهیرەوە بووە.
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ لە دوای داگیرکردنی شارەکە و لە رۆژی شەشی ئابی هەمان ساڵ هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و ئەو ناوچانەشیان داگیر کرد.
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاندبوو، بەڵام پەلامارەکانی رێکخراوەکە بۆسەر گوندەواری ئەو ناوچانە بەردەوامە.