Rewa Mahmood Hasan
15 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2022
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵان، چالاکییەک لە شاری سلێمانی ئەنجام درا.
رۆژی ١٥ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵان دیاریی کراوە و بە بۆنەوەیە سەنتەرەکانی چارەسەریی شێرپەنجە لە هەریەک لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجام دا.
لە نەخۆشخانەی هیوا شاری سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان چالاکییەکی نمایشکردنی کاری دەستی و وێنەکێشانیان بۆ منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە کردەوە.
لە چالاکییەکەدا، ١٠٠ منداڵ بەشداربوون و تیایدا کاری دەستی و وێنەکێشان کە منداڵانی تووش بوو بە شێرپەنجە ئامادەیان کردووە نیشان دەدرێت.
کارمەندی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، مەهدی عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چالاکی ئەمڕۆ چالاکی نێودەوڵەتییە لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵان، سەنتەرەکانی تایبەت بە شێرپەنجەی منداڵ لە شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە سەرجەم شارەکان چالاکی ئەنجام دەگەیەنین بۆ ئەوەی دەنگی هەموو ئەوانەی چاک بوونەتەوە بگەیەنین بەخەڵک، هاوکات نمایشی کاری دەستی منداڵانی چاکبوویەوەی شێرپەنجە لە چالاکییەکەدا نمایش دەکرێت. ئێمە وەک رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هەماهەنگیەکی بەهێزمان هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر و سەنتەری ژین لە دهۆک بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین رێژەی چاکبوویەوەی نەخۆشانی شێرپەنجە لەنێو منداڵاندا زیاتر بکەین".
مەهدی عەبدوڵڵا رایگەیاند ''دەروونناس و پسپۆڕی تایبەتمان هەیە کە کار لەسەر ئەوە دەکەن منداڵان بە ئاراستەیەک کار بکەن کە زۆربەیان باس لە گەڕانەوەیانە بۆ خوێندنگا و نزا دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی، هاوکات تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سروشتدا، ئەمە لەکاری وینەکێشانەکەدا رەنگی داوەتەوە، واتە زۆربەی وێنەکان گوزارشتە لە ناخ و بۆچوونی ئەوان".
یەکێک لە تووشبووانی شێرپەنجە کە لەئێستادا، نەخۆشیەکەی تێپەڕاندووە و بەشدارێکی نمایشەکەیە بە تابلۆ، بەناوی رۆژگار هەڤاڵ ئەسعەد تەمەن ١٦ ساڵ، ئەو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە ٢٠١٩دا یەکەم جار بۆی دەرکەوتووە تووشی شێرپەنجە بووە، پاش دوو نەشتەرگەری، وەرگرتنی هەشت دۆز چارەسەریی کیمیایی، ٣٣ دۆزی تیشکیی توانیوێتی نەخۆشیەکەی تێپەڕێنێت.
ئەو لەبارەی قۆناغی چارەسەریی نەخۆشیەکەی بۆ ئانادۆڵو گوتی: ''سەرەتای تووشبوون بەنەخۆشیەکە زۆر دەیانترساندم و ورەم دەڕووخا بەو قسانەی دەیان کرد، شێرپەنجەم لێبووبە بەڵایەکی گەورە، بەڵام دواتر دانیشتم و بڕیارم دا هەموو ئەمانە وەلا بنێم، شێرپەنجە وەک هەر نەخۆشیەکی تری ئاسایی دەهاتە پێشچاوم، وەک کۆکەیەک. هەرکاتێک بێزاربوومایە فڵچەکەم دەگرت بەدەستمەوە و تابلۆم دەکێشا، هەموو تابلۆکان زیاتر کە باسیان لە چاکبوونەوەو گەڕانەوە بۆ نێو ژیانی ئاسایی دەکرد، خۆم سەرقاڵ دەکرد بە کاری دەستییەوە بۆ ئەوەی بێزارییەکەم نەمێنێت".
رۆژگار هەڤاڵ ئەسعەد سەبارەت بە چیرۆکی ئەو تابلۆیەی بەشداری پیشانگاکەی پێ کردووە گوتی: ''ئەوکاتەی تابلۆکەم دروست کرد ٢٠٢٠ بوو، خۆم قژم پێوەنەبوو، دەموچاوی وێنەکەم دروست کرد، سەیرم کرد خۆم قژم پێوە نییە، وتم با ئەمە قژی هەبێت".