Heman Husseın Yaseen
04 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2020
هەولێر - AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئەمڕۆ یاسای چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان ــ عێراق ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ـم واژوو کرد کە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیکردووە و ناردوویەتییە پەرلەمانی کوردستان و رۆژی ١٦/١/ ٢٠٢٠ پەرلەمان پەسەندی کردبوو".
لە هەواڵەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئەم یاسایە مایەی سەرنج و تێڕوانینی چین و توێژە جیاکانی کۆمەڵگە بووە، بۆیە لەو رۆژەوە بە فەرمی گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی ھەرێم، شارەزایان و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتیی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران، زۆر بەوردی تاوتوێیان کرد و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی یاساکە بە شێوەیەکی بابەتیانە بەوردی خرانە روو.
لە راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە کە تێگەیشتنی تەواویان بۆ ئەو سەرنج و تێبینییانە ھەیە بەتایبەتی لە بواری خانەنشینیدا، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە یاساکە ھەنگاوێکی دیکەی چاکسازییە لە بواری کارگێڕی و داراییدا، بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانیش، بەردەوام دەبن لە ھەنگاوەکانی دیکەی چاکسازی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستاندا.
لە بەشێکیی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەم روانگەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رادەسپێرین تا لە ماوەیەکی گونجاودا پرۆژەیاسای خانەنشینیی یەکگرتوو بۆ ھەرێمی کوردستان ئامادە بکات و پێشکەش بە پەرلەمانی بکات، بە شێوەیەک بنەما و پێوەری ھێنانەدی دادپەروەری تێدا بێت و مووچەخۆران دڵنیا بکاتەوە کە ئێستا و داھاتووش ماف و شایستەکانیان مسۆگەر و پارێزراو دەبن، ھەروەھا لە پەیڕەوی جێبەجێکردندا رەچاوی ئەو تێبینی و پێشنیازانە بکرێت کە دەربارەی یاساکە خراونەتە روو، ئەو کەموکوڕییانەش کە لە جێبەجێکردنیدا دەردەکەون، دەکرێت بە ھەموارکردنەوەی یاساکە و پەیڕەوی جێبەجێکردنی، چارەسەر بکرێن".