Haydar Karaalp,
26 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا و نۆ شاری ناوەڕاست و باشووری عێراق رایانگەیاند كە خۆپیشاندانیان گۆڕیوە بۆ مانگرتن كراوە تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت تایبەت بە دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت و دادگاییکردنی بكوژانی خۆپیشاندەران.
ئەمەش لە كاتێكدا بە فەرمانی سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی، هاتوچۆكردن لە شارەكانی واست، بەسرە، میسان، زیقار، موسەننا، بابل و دیوانییە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە قەغەكراوە.
لەوبارەوە رێكخەری خۆپیشاندانەكان لە بەسرە، كەریم شاملی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارماندا خۆپیشاندانەكانمان بگۆڕین بۆ مانگرتنی كراوە، بەهیچ شێوەیەك لە بڕیارەكەمان پاشگەز نابینەوە".
كەریم شاملی گوتیشی: "مانگرتنەكەمان كۆتایی نایەت تا ئەو كاتەی داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت، بكوژانی خۆپیشاندەرانیش هەروا بە ئاسانی دەرباز نابن".
هاوكات رێكخەری خۆپیشاندانەكان لە شاری زیقار، یاسین مەكسووسی لە رێگەی تەلەفۆنەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی:"رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان لە شاری بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشوور رێككەوتن لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن بۆ مانگرتنی كراوە، واتا لە شەقام دەمێننەوە تا ئەو كاتەی داواكارییەكانمان جێبەجێ دەكرێت".
ناوبراو گوتیشی:"ئەو لایەنانەی كە دوێنێ خۆپیشاندەرانیان كوشتووە لای هەمووان ناسراون و بە گرتەی ڤیدیۆیی دۆكۆمێنتكراون و پێویست بە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە ناكات بۆ ئەوەی راستییەكان ئاشكرا بكرێن".
دوێنێ هەینی جارێكی دیكە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری دیكەی باشووری عێراق دەستی پێكردەوە و خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و چاكسازی لە سیستەمی سیاسی كرد.
لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ هەینیدا، پێكداھەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.
بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە، لە میانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری باشوور، ٣٠ خۆپیشاندەر كوژراون و دوو ھەزارو ٣١٢ی خۆپیشاندەر و ھێزە ئەمنییەكان برینداربوون.