Sarmand Hameed
27 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییدا کوژرانی ٢٤ تیرۆریستی داعش-ی لە پارێزگای سەڵاحەددین راگەیاند.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق کە ئەرکی راوەدوونانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی پێسپێردراوە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە میانی دوو رۆژدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆسەر ناوچەی چیای خانووکە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە ١٦ تیرۆریست و لە رۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا هەشت تیرۆریستی دیکە کوژران.
ئاماژە بەوەشدراوە کە ئۆپەراسیۆنە بە هاوبەشی لە لایەن فڕۆکەکانی سوپای عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەنجامدراوە.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، هێرشی پاشماوە و شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعش لە عێراق رووی لە هەڵکشان کردووە بە تایبەت لە ناوچەکانی نێوان کەرکووک و سەڵاحەددین و دیالە کە بە سێگۆشەی مەرگ ناسراوە.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا و داعش لە ھاوینی ٢٠١٤دا کۆنتڕۆڵی کردبوو.
وێڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکان دەرکردووە و شارەکانیان ئازادکردووه، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لە ھێرشەکانیان لە گوندەوارەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار.