Rewa Mahmood Hasan
27 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
ئەمرۆ دووشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١، بە بەشداری جێگرى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و چەندین پسپۆری جیا لە بواری ژینگەدا، دیدارى ژینگەیی سلێمانی لە زانکۆى سلێمانی رێکخرا.
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، رەزا حەسەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمڕۆ ئێمە دیداری ژینگەیی سلێمانی-مان ساز کرد و تێیدا جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی سیمینارێکی بەپێزی پێشکەش کرد لە بواری ژینگەییدا و ئێمە وەک زانکۆ کارێکی خۆمان کە هەمیشە گرنگیمان داوە بە کۆمەڵگا و پێشخستنی لە بواری ژینگە و کۆمەڵایەتی، بۆیە هەڵساین بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارە کە بەردەوامی دەبێت".
جێگرى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی ئەو دیدارەدا، پلان و بەرنامەى حکوومەتى هەرێمی کوردستانی بۆ گرنگیدان بەژینگە ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت هەماهەنگی بکەن بۆ داڕشتنی پلانی ژینگەیی.
قوباد تاڵەبانی لەبارەى کێشە ژینگەییەکانی ناوچەى تانجەرۆشەوە لە سلێمانی گوتی: ''سەرچاوەى کێشەکە ئەوەیە کە هەموو خۆڵ و خاشاک و ئاوەڕۆی شارەکە لەوێ کۆدەبێتەوە کە ئەمەش سێ بەرنامە بۆ چارەسەرکردنى هەیە، یەکێکیان بەرنامەى درێژخایەنە کە پێویستمان بەوێستگەى پاڵاوتنی ئاوەڕۆیە کە هەوڵمانداوە جێبەجێ بکرێت و پرۆژەیەکى ستراتیژییە بەهاوبەشى کەرتی تایبەت و حکوومەت دەبێت، بەشى دووەم ریسایکڵینە کە کۆمپانیایەکی خۆماڵى ئەنجامی دەدات، خۆشبەختانە لەم قۆناغەدا، ٧٠٠ تۆن خاشاک ریسایکڵ دەکرێت، بەشى سێیەمیشی پەیوەندیی بەوردبینی و بەدواداچوونەوە هەیە کە بەڕێوەبەرایەتى ژینگە دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات کە پاشماوە و خاشاکیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەبوونی بەرنامەیەکی گشتگیرە بۆ هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان لەبارەى گرنگی پاراستنی ژینگەوە".
بەپێى ئامارێکی رێکخراوی گرین سپیس بۆساڵى ٢٠١٩، شارى سلێمانی بەیەکێک لە پاکترینی شارەکانی عێراق دانراوە لەڕووى پاکی ژینگە و ئاووهەواکەیەوە.
جێگرى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە کارى دامەزراوە ئەکادیمی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکوومەت و چالاکوانان و کۆمەڵگاى مەدەنی و رێکخراوەکانە کە هۆشیارى بدەنە سیاسییەکان و راى گشتی بۆ گرنگیدان بەژینگە و پاراستنی و کاربکەن بۆ دارشتنی پلانی نوێ.
قوباد تاڵەبانی گوتی: ''دامودەزگاکانی حکوومەت دەبێ پابەندبن بە رێنماییەکانى پاراستنی ژینگەوە، هاوکات کەرتی تایبەت دەبێت ئاشناى رێنماییەکان بێت و کاتێک بیر لە پرۆژە و وەبەرهێنان دەکەنەوە بیر لەلایەنی ژینگەیی و گونجاندنی پرۆژەکان بکەنەوە لەگەڵ پێودانگە ژینگەییەکان، تا بەهەمووان بەشداربین لە پاراستنی پاکوخاوێنی شارەکەدا".