Rewa Mahmood Hasan
14 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
لە ماوەى شەش رۆژى رابردوودا لە هەریەک لە سنوورەکانى سیتەک، سەیدسادق، تانجەرۆ و ئاغجەلەر لە پارێزگای سلێمانی، ١١ هاووڵاتى بەتۆمەتەکانی راوکردن، بیرلێدان و زێدەڕۆیی بۆسەر موڵکى گشتیی دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، رایدەگەیەنێت کە لە ماوەى شەش رۆژى رابردوودا لە هەریەک لە سنوورەکانى سیتەک، سەیدسادق، تانجەرۆ و ئاغجەلەر لە پارێزگای سلێمانی، ١١ هاووڵاتى بەتۆمەتەکانی راوکردن، بیرلێدان و زێدەڕۆیی بۆسەر موڵکى گشتیی دەستگیرکراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، بەڕێوەبەرى راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى دارستان و ژینگەى پارێزگاى سلێمانى، عمیدى پۆلیس هێمن کمرخان ئەفەندى ئاماژەی بەوەداوە کە مەفرەزەکانى پۆلیسى دارستان بەردەوام لە ئەرکدان لە پێناو پارێزگارى لە سروشت و ژینگەى کوردستان و رێگریکردن لە دیاردەکانى سەرپێچى و زێدڕۆیی بۆسەر موڵکى گشتیى.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''هەرلەوچوارچێوەیەدا لەماوەى شەش رۆژى رابردوودا لە هەریەک لە سنوورەکانى سیتەک، سەیدسادق، تانجەرۆ و ئاغجەلەر توانراوە، ١١ هاووڵاتى بەتۆمەتى راوکردن و بیرلێدان و زیادەڕۆیی بۆسەر موڵکى گشتیی دەستگیر بکرێن بەجۆرێک لە سنوورى سیتەک شەش هاووڵاتى و لە سنوورى سەیدسادق دوو هاووڵاتى و لە سنوورى تانجەرۆ دوو دوو هاووڵاتی و لە سنوورى ئاغجەلەر یەک هاووڵاتی".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاوکات دەستبەسەر پێنج ئامێرى بیرهەڵکەندن، دوو تۆڕى راوکردن و یەک ماتۆرسکیلدا گیراوە.
بەپێی زانیارییەکان پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ سەرجەم دەستگیرکراوەکان کراوەتەوە و رادەستى دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنى رێکارى یاسایی.