Rewa Mahmood Hasan
14 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی - AA
بەبۆنەی ٢٣٦ ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیەوە، شارەوانی هەڵمەتێکی پاککردنەوەی شاری دەستپێکرد.
لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بەهۆی بڵاو بوونەوەی پەتای جیهانی کۆرۆناو وەک رێکارێک بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، هیچ بۆنەیەک لە پارێزگاکە ئەنجام نادرێت و تەنیا چەند رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی و لەسەر ئاستی شەخسی یادەکە دەکرێتەوەو لەو چوارچێوەیەدا شارەوانی سلێمانی لەرێگەی چەند تیمێکیەوە، هەڵمەتێکی پاککردنەوەی شاری سلێمانیان دەستپێکرد.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لێپرسراوی بەشی ئامێرەکان لە شارەوانی سلێمانی توانا بەهادین رایگەیاند ''بەشی ئامێرەکان و بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێکی فراوانمان کردووە لە ٥ شوێنی شاری سلێمانی دەستیان کردووە بە پاککردنەوەی ناوچە جیاوازەکان. هەڵمەتەکان رۆژانە بەردەوامن بەڵام لەمڕۆدا زیاتر گرنگی دەدرێت بە پاک کردنەوەی ئەو شوینانی خۆڵ و خاشاکێکی زۆری لێکۆبۆتەوە .''
هەڵمەتی ئەمڕۆ لە ٥ شوێن، لە گەڕەکەکانی کارێزەوشک، سەیوانو خەبات، مەیدانی ئاژەڵەکان، دەباشان ئەنجام دەدرێن ئەویش بەهۆی ئەوەی کە زۆرترین خۆڵ و خاشاکیان تێدا کۆبۆتەوە.
توانا داوای لە هاوڵاتیان کرد کە لەو شوێنانەی بۆیان دیاری کراوە خۆڵ و خاشاک فڕێبدەن.
هەموو ساڵێک لە ١٤ی تشرینی دووهەمدا یادی بنیاتنانی شاری سلێمانی دەکرێتەوەو چەندی چالاکی و بۆنە ئەنجام دەدرێت.