Hawkar Yaseen
07 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتى ژمارە (٢٥-٢٦) تایبەت بەپێشێلکارییەکانى ساڵى ٢٠٢٠ى بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەماوەی ئەو ساڵەدا زیاتر لە ١٣٨ حاڵەتى پێشێلکارى بەرامبەر بە ٣١٥ ڕۆژنامەنووس و ٤٧ دەزگاى میدیایی تۆمارکراون.
بەپێی راپۆرتەکە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند کە پیشێلکارییەکان لەساڵی ٢٠٢٠دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ زیادی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارەی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆماریان کردووە کە لەلایەن سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان نەزاکەت حسێن، خوێندرایەوە رایانگەیاند " لەساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٣١٥ رۆژنامەنووس پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە ٣٠٨یان نێر و حەوت ڕۆژنامەنووسیان مێ بوون، ٤٢ حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمارکراوە بەرامبەر ٩٨ ڕۆژنامەنووس ٤٧ حاڵەتى ڕێگری لە ڕووماڵ بەرامبەر بە ١٠٤ ڕۆژنامەنووس و ٣٢ حاڵەتی هێرشکردن بەرامبەر ٨٨ رۆژنامەنووس و هەشت حاڵەتى لێدان بەرامبەر ١٥ رۆژنامەنووس تۆمارکراوە".
راشیانگەیاند "چوار سکاڵا بەرامبەر پێنج ڕۆژنامەنووس بەرز کراوەتەوە و سێ دەزگاى میدیاىى داخراون و یەک ڕۆژنامەنووسیش بەڵێننامەى کارنەکردنى لێوەرگیراوە".
راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دابەشکاری پێشێلکارییەکانیشی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە پارێزگاى هەولیڕ ٤٦ حاڵەت، لە پارێزگاى سلیمانى ٣٦ حاڵەت، لە پارێزگاى دهۆک ١٤ حاڵەت، لە پارێزگاى هەڵەبجە حەوت حاڵەت، لە شارى موسڵ ٢٥ حاڵەت و لە ناوچەکانى دیکەى دەشتى نەینەوا و قەزاى خانەقین و شارى بەغدا و ناوچەى ڕۆژئاوا هەریەکى یەک حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە".
لەبارەى چالاکییەکانى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانیشەوە رایانگەیاند "لە ماوەى ساڵى ٢٠٢٠دا ١٠ بەیاننامە و چوار ڕێنمایی بۆ ڕۆژنامەنووسان و دوو روونکردنەوە و دوو داواکارییشیان بۆ دەسەڵات هەبوو".
سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان نەزاکەت حسێن راشیگەیاند "لیژنەی بەرگری لە ئازادییەکانی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ یەکەم جار بەدواداچونێکی نوێینان بۆ کارەکانیان زیادکردووە، بۆ لەمەودوا ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر خانمانی رۆژنامەنووس تۆماردەکرێت لای خۆیان تۆماری دەکەن و دۆسیەی بۆ دەکەنەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠یش لە بەدواداچوونێکى لیژنەکەدا دەرکەوتووە کە %٥٠ى ڕۆژنامەنووسانى مێیینە لە دەزگاکانى میدیایی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە و گێچەڵیان پێکراوە".
بەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدەمین لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پاش بڵاوکردنەوەی ئاماری پێشێلکارییەکان رایگەیاند "ئەو بابەتەی کە پەیوەندی بە کەناڵی ئێن ئاڕتیەوە هەیە دەمەوێت باسی بکەم ئێمە وەکژ سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کاتێک کە رێنماییەکانی سپەیس دەرچوو پارێزبەندی زۆرمان لەسەر هەبوو قسەشمان لەسەرکرد، بەڵام راشکاوانە دەیڵێم و ئەوکاتیش وتمان داخستنی ئێن ئاڕتی بڕیارێکی یاسایی نەبوون و پیشێلکاری بوون".
راشیگەیاند "لەبەر ئەوەی هیچ یاسایەکمان نییە بابەتی سۆشیال میدیا رێکبخات، ماوەیەکیشە پەیجەکانی هەواڵ لە سۆشیال میدیا لە فراوانبووندان و بەفتوایەکی ئەنجومەنی شوراش ئەو پەیجانە تۆمار دەکرێن بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم داوا لەهەموو ئەو پەیجانە دەکەم کە زۆرینەیئان لۆگۆیان هەیە و لە بۆنەکان ئامادەدەبن بێن بۆ سەندیکا و خۆیان تۆماربکەن بۆئەوەی بتوانین لەکاتی کێشەیەکدا بەرگریان لێبکەین".