هەولێر - AA
ساڵی ٢٠٢١ بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیهان درێژکراوەی دۆخی ساڵی ٢٠٢٠ بوو بەهۆی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی وڵاتان، بەڵام دۆزینەوە و بەکارهێنانی ڤاکسین تا رادەیەک دۆخەکەی بۆ خەڵک ئاسانتر کرد.
سەرباری ئەوەش لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین رووداوی گرنگ و گەورە روویاندا کە راستەوخۆ و نا راستەوخۆ، پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەبوو لەڕووی سیاسیی، ئابووریی کۆمەڵایەتییەوە،
ئاژانسی ئانادۆڵو لەم پانۆرامایەدا، بەشێک لە گرنگترین رووداوەکانی ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆکردووەتەوە و لە چوارچێوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانییدا بڵاوی دەکاتەوە.
١٣ی کانوونی دووەم
- بەهۆی تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا گەشتکردنی هاووڵاتییانی عێراق بۆ ١٩ وڵات قەدەغە بكرێت، وڵاتەكانیش بریتی بوون لە بەریتانیا، نەمسا، بەلجیكا، دانمارك، فینلاند، فەڕەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیرلاند، لۆكسمبۆرگ، سلۆڤاكیا، ئیسپانیا، بەڕازیل، ئەمریكا، كەنەدا، ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆماری باشووری ئەفریقا.
١٩ی کانوونی دووەم
- وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە و هاوکاری و هەماهەنگیی هەردوولابوو.
٢٧ی کانوونی دووەم
- حکوومەتی عێراق بڕیاری دا، ١٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان بکات بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا.
٢٨ی کانوونی دووەم
- بەناو "والی کوردستانی"ی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کوژرا، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، یەحیا رەسول رایگەیاند، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی لە ئۆپەراسیۆنێكدا، ١٧ تیرۆریستی داعش كراونەتە ئامانج و تیایدا بەناو "والی کوردستانی داعش" ئەبو سادق کوژراوە.
١٥ی شوبات
- هێرشێکی مووشەکیی کرایە سەر شاری هەولێر و فڕۆکەخانەی هەولێر و بووه هۆى گيانلهدهستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كهسى دیکە كە ژمارهيهكيان هاووڵاتی ئەمریکی بوون.
سێی ئادار
- بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عهين ئهسهد تایبەت بە هێزهكانى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتیی له پارێزگاى ئهنبار و له ئهنجامدا، بهڵێندهرێك کە لەو بنکەیە کاری دەکرد گيانى له دهست دا.
دووی ئادار
- یەکەمین کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە عێراق و هەرێمی کوردستان، کاروانی یەکەمی ڤاکسین بڕەکەی ٥٠ هەزار دۆز بوو لە جۆری سینۆفارمی چینی. لە بەرەبەیانی هەمان رۆژدا یەکەم هاووڵاتی لە عێراق ڤاکسینەکەی وەرگرت و دوو رۆژ دواتریش رۆژی چواری ئادار یەکەم کەس لە هەرێمی کورستان ڤاکسینەکەی وەرگرت کە کارمەندێکی تەندروستیی بوو بەناوی گۆران عوسمان باییز، تەمەنی ۳۳ ساڵ و لە بەشی چاودێریی چڕی هەناسە لە سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر کاری دەکرد.
پێنجی ئادار
- پاپای ڤاتیکان فرەنسیس هاتە عێراق و لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازی لێکرا، دواتر لە کۆشکی ئاشتیی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح کۆبووەوە، رۆژی دواتر پاپا سەردانی شاری نەجەف، هەروەها شاری ئوور شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمی لە ناسرییە کرد.
حەوتی ئادار
- پاپا فرەنسیس لەڕێگای فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، سەردانی شاری هەولێری کرد و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.
دواتریش چووە پارێزگای نەینەوا و لە کڵێسایەکی مووسڵ نوێژی بۆ قوربانییانی شەڕی داعش کرد، دواتر سەردانی قەزای قەرەقوشی کرد و لە کڵێسای تاهیرە ئەلکوبرا بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینیدا کرد.
دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ گەڕایەوە شاری هەولێر و لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری فراواندا کە نزیکەی ١٠ هەزار کەس بەشداربوون، گەورەترین رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەڕێوەچوو.
٣٠ ئادار
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازی لێکرا و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە، بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان و ناوچهكهيان بهگشتى تاوتوێ كرد و له پێناو ئارامى و سهقامگيريى عێراق و ناوچهكه و بهرهنگاربوونهوهى ههڕهشه و مهترسييهكانى داعشدا، جهختيان له پهرهپێدانى پهيوهندييهكان و هاوكارى و هاوبهشيى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ فهڕهنسا كردهوه"، هەر لەو سەردانەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیف لۆدریان کۆبووەوە.
٣١ی ئادار
- لە درەنگانێکی شەودا، بوودجەی گشتیی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەوە پەسەند کرا، بوودجەی خەمڵیندراوی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە ١٢٩ ترلیۆن دینار خەمڵێندرا.
٢٦ی نیسان
- وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بە سەردانێک گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دا، رۆژی دواتر ٢٧ی نیسان جەواد زەریف لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
پێنجی حوزەیران
- چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ناوچەی مەتینا سەربە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و لە ئەنجامدا، پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکیش برینداربوون، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "پێویستە سنوورێک بۆ ئەم رەفتارانەی پەکەکە دابنرێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان".
١١ی حوزەیران
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی لەسەر داوای جێنیشی ئەبووزەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان سەردانی ئیماراتی کرد، رۆژی ١٢ی حوزەیران لەگەڵ جێنیشی ئەبوزەبی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات، شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان کۆبووەوە.
٢٣ی حوزەیران
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەفەرمی سەردانی ئوردنی کرد. له كۆشكى حوسهينييه له عهممانی پایتەخت لەلایەن شاى ئوردن، عهبدوڵڵاى دووهم پێشوازیی لێکرا.
شەشی تەمووز
- کاتژمێر ٢٣:٣٠ جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند "بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ھێرش کراوەتەوە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، تەنھا ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە".
هەشتی تەمووز
- ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە ترۆپک و تا ئاستی تەقینەوەی ناوخۆیی سەری کێشا.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رۆژی شەشی تەمووز، بڕیاردەدات بەرپرسی هەردوو دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی و دەزگای زانیاری بگۆڕدرێت، هاوسەرۆکەکەی دیکەی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی بەم بڕیارە قایل نابێت، بۆیە دوای دوو رۆژ لە جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هێزێکی سکرتاریەتی مام جەلال و بەشێک لە لیوای کۆماندۆی سەربە جێگری سەرۆکی هەرێم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەچنە قەڵاچوالان کە بارەگای دەزگای زانیاری لێیە و بەهێز بڕیارەکە دەسەپێنن، ئەم هەنگاوە سەرەتای چیرۆکەکە و دەرکەوتنی ناکۆکییە قوڵەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی بوو، دواتر رۆژی ١٥ی تەمووز مەکتەبی سیاسیی کۆبووەوە و بڕیاردرا هەموو دەسەڵاتەکانی لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک بدرێت بە بافڵ تاڵەبانی و رۆژی ١٧ی تەمووز بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردن.
ئەم ناکۆکییانەی ناو یەکێتی درێژەی کێشا تا کار گەیشتە ئەوەی چەند بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایانگەیاند کە ژەهرخوارد کراون و دوای قوڵبوونەوەی ئەم هەموو ناکۆکییەش رۆژی دووی تشرینی دووەم بە بڕیاری هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی و سێ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە ریزەکانی ئەو حزبە دەرکران.
١٨ی ئاب
- وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی و ھاوتاکەی عەلا جبوری و وەزیری گواستنەوە، ناسر حوسێن بەندەر کۆببووەوە.
٢٨ی ئاب
- سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی "لووتکەی بەغدا بۆ هەماهەنگیی و هاوبەشیی" گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆبووەوە.
ماکرۆن لە لووتکەی بەغدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "ئەم کۆنگرەیە کۆیکردینەوە بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوانمان هەبێت، ئەم لووتکەیە خاڵێکی گرنگی هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئیرادەیەک هەیە بۆ پێکەوە کارکردن، دەبێت هەموومان هەوڵبدەین بۆ سەروەری و ئاشتی و سەقامگیریی عێراق".
٢٩ ئاب
- سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەڕێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لێکرا.
دواتر لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەرمانی کوردستان، رێواز فایەق و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێی پەیوەندی و هاوکارییەکانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و وەبەرهێنانی فەڕەنسی لە هەرێمی کوردستان کرا.
دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند "بەڕاستی بەلامەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ ئێوەدام و خۆشحاڵیشم لە هەولێرم، دۆستایەتییەکی تایبەتی لەنێوان فەڕەنسا و کوردستان هەیە، گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەڕەنسا هەیە، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفای فەڕەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان".
١٥ی ئەیلوول
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى به سهردانێكى فهرمى گهيشته لهندهنى پايتهختى بەریتانیا و له ميانى سهردانهكهيدا لهگهڵ هەریەک لە سهرۆكوهزيرانی بەریتانیا بۆريس جۆنسۆن و وهزيری دهرهوەی بەریتانیا، ليز تروس و وەزیری پەروەردەی بەریتانیا، نهديم زههاوى و بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ديكهى بهريتانيا کۆبووەوە. لە دیدارەکانیاندا برهودان به پهيوهندييهكان و فراوانكردنى بوارهكانى هاريكارى و هاوبهشيى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ بهريتانيا، شهڕى دژبەتيرۆر، دۆخ و سهقامگيريى عڕراق و ناوچهكه بهگشتى تاوتوێ کران.
٢١ی ئەیلوول
- سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح بەشداریی کرد لە کردنەوەی کارەکانی خولی ٧٦ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆری سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی جیھان لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
رۆژی ٢٤ی ئەیلوول بەرهەم ساڵح گوتاری عێراقی پێشکەش کرد کە بەشی زۆری تەرخانکردبوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و رایگەیاند "عێراق لە بەردەم بەرکەوتێکی نیشتمانیی یەکلاییکەرەوەدایە کە ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەم ھەڵبژاردنە دڵخوازی شەقامە و کۆدەنگییەکی نیشتمانیی فراوانیشی لەسەرە، ھەمووان کۆکین لەسەر ئەوەی پێویستە چاکسازییەکی ریشەیی ئەنجام بدرێت و پەیمانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تازە بێتەکایەوە کە بتوانێت کەموکوڕییەکانی کۆسیستەمی حوکمڕانی چارەسەر بکات و حوکمڕانییەکی تەندروستیش بچەسپێنێت... ھەڵبژاردنەکە چارەنووسسازە و لێکەوتی جۆراوجۆری بۆسەر عێراق و تەواوی ناوچەکە دەبێت".
٢٢ی ئەیلوول
- لە پەراوێزی کارەکانی خولی ٧٦ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کارکردن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هەردوو گەل و وڵاتدا بێت.
٢٥ی ئەیلوول
- وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەمەد مووش بۆ جاری دووەم لە ماوەی ئەمساڵەدا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق، ناسر حوسێن بەندەر کۆبووەوە.
هەمان رۆژ محەمەد مووش لەڕێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلم سەعید و بە ئامادەبوونی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و پارێزگای ھەولێر، ئومێد خۆشناو و کۆنسولی تورکیا گشتیی لە ھەولێر، ھاکان کاراچای پێشوازیی لێکرا.
رۆژی ٢٦ی ئەیلوول، محەمەد مووش لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
دواتریش بەشداریی کرد لە کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و تورکیا کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی پەرەسەندنی بازرگانیی نێوان هەرێم و تورکیا و ئاستەنگەکانی بەردەمی و بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانیی نێوان هەردوولابوو.
هەشتی تشرینی یەکەم
- پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد. لە سەرانسەری عێراقدا، یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ١٨٦ هەزار و ٥١٧ کەسیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
لە سەرانسەری عێراقدا، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە لەو رۆژەدا مافی دەنگدانیان هەبوو کە زیاتر لە ١١٧ هەزاریان لە هەرێمی کوردستان بوون و ٦٧١ سزادراوی نێو بەندینخانەکانیش مافی دەنگدانیان هەبوو.
بۆ دەنگدانی تایبەت لە عێراق، ٥٩٥ بنکەی دەنگدان تەرخان کرابوو کە لە دوو هەزار و ٥٨٤ وێستگەی دەنگدان پێکهاتبوون، بۆ دەنگدانی ئاوارەکانیش ٨٦ بنکەی دەنگدان دانرابوو کە ٣٠٩ وێستگەی دەنگدانیان تێدابوو، شەش وێستگەی دەنگدانیش بۆ زیندانیان تەرخانکرابوو.
١٠ی تشرینی یەکەم
- پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرانسەری عێراق بەرێوەچوو.
لە سەرانسەری عێراقدا، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەبوو، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتبوەوە. لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەبوو، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتبووەوە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشداربوون لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێیان دەکرد بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لە ٦٨ وڵاتی دنیاوە زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ چاودێری نێودەوڵەتیی کە ٨٠٠ کەسیان چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانن و ٧٥ هەزار چاودێری ناوخۆییش چاودێری پرۆسەکەیان دەکرد.
٣٠ تشرینی یەکەم
- بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر دروست بوو، بەهۆیەوە ٥٥٠ خێزان بەتەواوی کەلوپەلی ناوماڵەکانیان لەناوچوون و ١٣٠ ئوتومبیل بەر لافاوەکە کەوتن و زیانیان پێگەیشت و ١٢٧ خانووش زیانیان پێگەیشت، هەروەها لە کەرتی گشتیش چەند پرۆژەیەکی دروستکردنی شەقام و رێگاوبان و تۆڕەکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و دوو قوتابخانە زیانیان پێگەیشت.
- جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرامبەر هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستی پێ کردەوە. لە سنووری شارۆچکەی پردێ هێرشێکیان کردە سەر سەنگەرەکانی لیوای ١٠ی پیادە و لە ئاکامدا، دوو پێشمەرگە شەهید بوون.
سێی تشرینی دووەم
- چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش جارێکی دیکە لە سنووری پردێ هێرشیان کردە سەر خاڵێکی لیوای ١٠ی پیادە و هێزەکانی پێشمەرگە بەبێ هیچ زیانێک هێرشەکەیان تێکشکاند.
پێنجی تشرینی دووەم
- لە سنووری شارۆچکەی کفری لە گەرمەسێر، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی لیوای نۆی پیادە و هێزەکانی پێشمەرگە بەبێ هیچ زیانێک هێرشەکەیان تێکشکاند.
حەوتی تشرینی دووەم
- سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە هەولێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو دوای ئەوەی بە درۆن هێرشکرایە سەر ماڵەکەی لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
هێرشەکە لەلایەن سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا، دوای هێرشەکەش مستەفا کازمی رایگەیاند "مووشەکە ترسنۆک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ترسنۆکەکان وڵات بونیادنانێن و دواڕۆژ بونیادنانێن".
راشیگەیاند "پشتر و ئێستاش پرۆژەی گیانفیدایی بووم بۆ عێراق و گەلی عێراق، مووشەكەكانی ستەمكاری ئیمانداران سڵ ناكاتەوە، و موویێكی ھێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان نالەرێنێتەوە لە مكوڕی و سووربوونیان بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵك و بەدیھێنانەوەی ماف و دانانەوەی یاسا بۆ سەر رێچكەی خۆی".
١٨ی تشرینی دووەم
- یەکەمین کاروانی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە بێلارووسەوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان، ژمارەی کاروانی یەکەمی کۆچبەرە گەڕاوەکان ٤٣١ کەس بوون، ٤٢٢ یان کۆچبەری کوردی هەرێمی کوردستان بوون و نۆ کەسیشیان عەرەب بوون و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گواسترانەوە بۆ بەغدا.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل لە کاتی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەدا رایگەیاند "ئەو کۆچبەرانەی دیکە کە هێشتا لە سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا ماون ئەوانەی بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت و دەهێندرێنەوە".
٢٧ی تشرینی دووەم
- چەكدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری كوڵەجۆ هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە. لە كاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەكانیش بۆمبێكی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێكی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنجی دیكەش برینداربوون كە دواتر یەكێكی دیکەش لە بریندارەكان شەهید بوو.
٢٨ی تشرینی دووەم
- جارێکی دیکە چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای کفری هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پەلامارەکە تێکشكێندرا.
٢٩ی تشرینی دووەم
- چەكدارانی داعش لە سنووری قەزای كفری هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە و لە ئاكامدا، پێشمەرگەیەك شەهید بوو سێ پێشمەرگەش برینداربوون، دواتر یەكێك لە بریندارەكانیش بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شەهیدبوو.
دووی کانوونی یەکەم
- چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە دامێنی چیای قەرەچووغ پەلاماری گوندی خدرجیجەیان دا و لە ئاکامی ئەو پەلامارەشدا، سێ هاووڵاتی لە یەک ماڵدا شەهید بوون کە هەرسێکیان بران و یەکێکیان منداڵ بوو تەمەنی ١٠ ساڵ بوو، ژمارەیەک هاووڵاتیش برینداربوون.
لەپاش ئەم پەلامارە هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە لە چەکدارانی داعش دەست پێ کرد، لەو کاتەدا ئۆتۆمبیلێکی هێزی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی چەکدارانی داعشەوە و لە ئاکامدا، حەوت پێشمەرگەی شەهید بوون.
شەشی کانوونی یەکەم
- چەکدارانی داعش لە سنووری ناحیەی پردێ لە گوندی قەرەسالم هێرشێکی دیکەیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لە ئاکامی ئەو پەلامارەشدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون.
١٧ی کانوونی دووەم
- بەھۆی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە ھەندێک گەڕەک و گوند و شارۆچکەی سەربە پارێزگاکە لافاوێکی گەورە دروست بوو بەهۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەست دا کە ١٠ کەسیان تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و گەیشتوونەتە پزیشکی دادیی و رادەستی خانەوادەکانیان کراونەتەوە کە بریتیبوون لە سێ هاووڵاتی ناوخۆ، کوردێکی ئێزدی، سێ هاووڵاتی عەرەب، کەسێکی تورکێک و دوو نیپاڵی، هێشتا دوو هاووڵاتیش بێ سەروشوێنن و بەشوێن تەرمەکانیاندا دەگەڕێن کە ئەوانیش شوانێکە، بەناوی ئومێد شامل و منداڵێک، بەناوی دانەر نەبەز".
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو بەهۆی لافاوەکەوە دوو هەزار و ٥٠٩ ماڵ زیان بە کەلوپەلەکانیان گەیشتووە، ٤٠٢ خانوو زیانمەندبوون، ٨٦٧ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان ئۆتۆمبێلی حکومین و ١٥٣ فرۆشگا، مارکێت و کارگەش زەرەرمەند بوون.
بەپێی خەمڵاندنەکانیش زەرەر و زیانی لافاوەکە بەگشتی بە ٢٠ بۆ ٢١ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
٢١ی کانوونی دووەم
- راگەیاندنی چۆڵکردنی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی هەریر.
شاندێکی سەربازیی عێراق بۆ بەدواداچوون لەبارەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان سەردانی بنکەی سەربازیی هەریری کرد.
news_share_descriptionsubscription_contact

