Sarmand Hameed
07 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2021
کەرکووک - AA
لە ئاکامی رووداوێکی هاتوچۆ لە پارێزگای کەرکووک، بووک و زاوایەک و دوو کەسی خێزانی زاواکە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی خێزانی بووکەکەیش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، رووداوێکی هاتوچۆ لە ناحیەی زاب سەربە قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک روویداوە و بەهۆیەوە شەش کەس بوونەتە قوربانی.
رووداوەکە ئەمڕۆ دووشەممە روویداوە کاتێک بووک و زاوایەک دوای ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگای ناحیەی زاب و لە رێگەی گەڕانەوەیاندا ئۆتۆمبێلەکەیان کە لەلایەن زاواکەوە شۆفێریی کراوە، وەرگەڕاوە.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی پزیشکی لە ئاکامی رووداوەکەدا، بووک و زاوەکە و دایک و خوشکێکی زاواکە گیانیان لەدەستداوە و دایک و خوشکێکی بووکەکەیش برینداربوون.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، دوای رووداوەکە بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک.
بەپێی زانیارییەکان قوربانییەکان نیشتەجێی گوندی راویین-ن و رووداوەکەش لەنێوان ناحیەی زاب و گوندەکە روویداوە.