ھەورامان
ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی ئەیلولدا تەقەی شەنە* دەكەوێتە نێو باخە گوێزەكانی ھەورامان و شەنیەرەكان ** ھەڵدەزنێن و بەھەزاران دارگوێزدا و بەشەنەكانیان بەرھەمی ساڵێكی دارگوێزەكان دەتەكێنن و باخەوانەكانیش بەخاو خێزانەكانیانەوە دەست بەكۆكردنەوەی گوێزەكان دەكەن، بەڵام رەنگە ئەمساڵ دەنگی تەقەشەنەی شەنیەرەكان زۆر دوور نەڕوات و تەنھا شارۆی (***) دارگوێزەكان بكرێت و پێویستیش نەكات چەندین كەس بەكۆكردنەوەی گوێزەوە سەرقاڵ بن، چونكە ئەمساڵ ھەورامان كەمترین بەرھەمی گوێزی ھەیە و بەوەش ئەمساڵ لەگوێزی ھەورامان بێبەش دەبین.
ھەورامان جوگرافیایەكی سروشتی دیاری كراوە و دەكەوێتە باكوری رۆژھەڵاتی ھەڵەبجە و ناوچەیەكی شاخاویە و رووبەرێكی زۆری باخ و سەوزایی ھەیە كە بە ٤٠%ی رووبەری گشتی ناوچەكە مەزەندە دەكرێت لەكۆی زیاتر لە ٧١ ھەزار دۆنم زەوی ھەورامان، كە دابەش بووە بەسەر دوو ناحیەی خورماڵ و بیارە و ٢٥ گوندی دەوروبەریاندا.
عوسمان ھەورامیی یەكێك لەباخەوانەكانی گوندی سۆسەكان بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ جەختی كردەوە كە ئەمساڵ بەراورد بەھەرساڵێكی تر كەمترین بەرھەمی گوێزیان ھەیە و بڕوای وایە یەكێك لە بێبەرھەمترین ساڵەكانی بەرھەمی گوێز تێدەپەڕێنن، ئەو وتی: پێم وانییە ئەمساڵ شەنیەر بگرم بۆباخەكەم، لەكاتێكدا جاران ھەفتەیەك شەنیەرم ھەبووە و گوێزمان دەتەكاند، چونكە ھەر بەچاو دیارە كە ئەوەندەی نەگرتووە شایەنی باس بێت و مەگەر تەنھا شارۆی بكەین، ئەگەر ساڵان ١٠٠ ھەزار گوێزم ھەبووبێت،پێم وانییە ئەمساڵ بگەمە ١٠ ھەزار گوێز.
سەرەتای وەرزی بەھاری ئەمساڵ بەھۆی دابەزینی پلەكانی گەرما بۆ ئاستێكی زۆر كەم و بارینی تەرزەیەكی زۆر، چرۆی زۆربەی درەختەكانی ھەورامان وەری، لەناویاندا گوێز ئەوەش بووە مایەی ئەوەی بەرھەمی گوێزی ئەمساڵ زۆر كەم بێت و بەقەد مایەی ماندوو بوونی باخەوانەكان نەبێت.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی ھەڵەبجە ١٢٠٠٠ دۆنم باخی جۆراوجۆر ھەیە كە ٧٠٠٠دۆنمی باخی ھەنارە و ئەوەی دەمێنێتەوە باخی گوێز و قۆخ و رەز و ھەنجیر و بەرھەمی تر، بەپێی رووپێوێكیش، بۆ ژمارەی دارەگوێزەكانی ھەورامان نزیكەی ٦٠٠٠٠ دارگوێزی تەمەن جیاواز لەھەورامان تۆمار كراوە.ستار مەحمود ساڵح بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ھەڵەبجە بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ وتی: "بەوپێیەی ساڵ و وەرز و كەشوھەوا و چەند ھۆكارێكی تر كاریگەرن لەسەر بەرھەمی گوێز، ناتوانین خەمڵاندن بۆبەرھەمی گوێزی ناوچەكەمان بكەین، بۆنمونە دارگوێز ھەیە ساڵانە نزیكەی ٢٥٠٠٠ گوێز دەگرێت، هەشە ١٠٠ گوێز دەگرێت بۆیە ناتوانیت بەشێوەی خەمڵاندن دایبنێت كە ساڵانە بەرھەمی گوێزی ناوچەكە چەندە؟ ھەروەك ھەموو نەخۆشی و دەردێكی كشتوكاڵی و جۆری ئاودێرانەكەی كاریگەرن لەسەر رێژەی بەرھەمی گوێزی ھەرساڵێك.
دەربارەی ئەمساڵ و ھۆكاری كەمبوونەوەی بەرھەمی گوێز بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ھەڵەبجە گوتی: ئەمساڵ لەسەرەتای وەرزی بەھار و بەھۆی ئەو گۆڕانكارییە كتوپڕەی لەكەشوھەوای ناوچەكەدا روویدا پلەكانی گەرما بۆئاستێكی زۆر نزم دابەزی و ئەوەش بووە مایەی ئەوەی زیانێكی زۆر بەبەرھەمی باخی ناوچەكە بگات و بەتایبەت گوێز زیانێكی زۆری بەركەوتووە.
-----------------------------------------------------------------------
(*) شەنە : ئەو دارە باریكە درێژە چوار بۆ پێنج مەترەیە كە گوێزی پێ دەتەكێنرێت
(**) شەنیەر : ئەو كەسەی دەچێتە سەر دارگوێزەكان و گوێز دەتەكێنێت
(***) شارۆ: گەڕان و كۆكردنەوەی ئەو گوێزە ونبووانەیە كە لەكاتی كۆكردنەوەی گوێزدا ھەڵنەگیراون