سلێمانی
ئێستا وەرزی تەکاندنی گوێزە لەھەرێمی کوردستان بەتایبەت لەناوچەی ھەورامان، خاوەنی باخەکان خەریکی چنینەوەی بەرھەمی ئەمساڵیانن، بەڵام دەڵێن باخەکانیان بەرھەمی کەمترە لەچاو ساڵانی پێشوو.
لەناوچەکەدا گوێزی ھەورامان بەناوبانگە و کورد لەمێژە گوتوویەتی "گوێزی ھەورامان بەدەست دەشکێ" ئەوەش وەکو وەسفکردنی باشی جۆرەکەی و ناسکی گوێزەکە.
ھەورامان دیوی (کوردستانی عێراق) لەدامێنی زنجیرە چیای سورێندایە لەباکووری خۆرھەڵاتـی شاری ھەڵەبجەی شەھید لەپارێزگای سلێمانی، سروشت و ژینگەی ھەورامان دەوڵەمەندە بەدارستان و بەشی ھەرە زۆری بەدەستی دانیشتووانی ناوچەکە نێژراون، داری گوێز بەرچاوترین درەختە لەو ناوچەیە.
پەیامنێری AA بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر گوێزی ناوچەکە، سەردانی ناوچەی ھەورامانی کرد، بەشی زۆری باخەوانەکان گوتوویانە بەرھەمی ئەمساڵیان کەمە.
بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی کشتوکاڵی ھەڵەبجەی شەھید، نزیکەی ١٦ ھەزار داری گوێز لەناوچەی ھەورامان ھەن، بەڵام ئامارێکی تەواو لەبارەی ئاستی بەرھەمی ساڵانەی گوێزی ناوچەکە لەبەردەست نییە.
ھۆشیار حەمەسەعید، باخەوانێکی گوندی وەزەنێ گوتی: "ھەورامییەکان ناتوانن دەستبەرداری باخداری گوێز ببن، چونکە ھەورامان ھەڵکەوتەی جوگرافیاکەی وەھایە بۆ گوێز ژینگەو ھەوای زۆر لەبارەو تێدا گەشە دەکات ھەروەھا بەرھەمی چاکی ھەیە"
بەڵام باخدارەکانی ھەورامان بەنیگەرانییەوە دەڵێن ئەمساڵ دارگوێزەکانیان بەرھەمی کەمە. بێساران ھەورامی باخەوانێکی ناوچەی ھەورامانە گوتی ساڵانە دارگوێزەکانمان ڕوبەڕوی چەندین گرفت دەبنەوە، لەوانەش خزمەت نەکردنی ئەو دارانەیە لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵ بۆیە کرم و نەخۆشیی بوونەتە ھۆی وشککردنی دارگوێزەکان، ھەروەھا ھاتنی بەراز بۆ ناو باخەکان کێشەیەکی دیکەی ئێمەیە."
بێساران ھەروەھا گوتی: "ئەمساڵ ساڵەکەی باش نەبوو بۆ گوێز، بەرھەمی گوێز کەمە بەھۆی ئەوەی بەھارو زستان، تەرزەو باران بەرەکەی بە کۆرپەیی وەراند."
ھەورامییەکان گوێز لەگەڵ زۆر خواردندا بەکار دەھێنن، بەتایبەتی ژەمی بەیانیانیانەو شەوانی زستانیش وەکو چەرەز لەگەڵ قەزوان، تووی وشککراوو مێوژ لەمیوانداریی و کۆڕی شەوان پێشکەش دەکرێن.
ساڵانە لەسەرەتای مانگی ١٠- تشرینی یەکەم- دا ھەورامییەکان دەست بەتەکاندنی گوێز دەکەن و پێی دەڵێن: "کاتی شەنێ" ئەوەش کارێکی ئاسان نییەو کەسانی تایبەت ھەیە بۆ تەکاندنی گوێز، بەگوێز تەکێنەر دەگوترێ " شەنێر" شەنێر دارێکی درێژ کە نزیکەی حەوت مەترە دەگرێ بەدەستەوەو بەدار گوێزدا ھەڵدەزنێ.
ھەموو کەس ناتوانێ شەنێری بکا، سوھەیب حەمەفارس دەڵێ ١٦ ساڵە خەریکی ئەو کارەیە، دوای ھاتنە خوارەوەی لەسەر یەکێ لەدارگوێزە بەرزەکان بۆAA گوتی: "ھەموو کەسێ ناتوانێ ئەم کارە بکات، چونکە تایبەتمەندی خۆی ھەیەو ڕاھاتنە لەسەر کارەکە، مەرجی یەکەمی ئەو کەسەش پێویستە لەبەررزایی نەترسێ و کێشی لاشەی سوکبێ تا بتوانێ بچێتە سەر داران و نەبێتە ھۆی شکاندنەوەی چڵ و چێوی دار گوێزەکان."
بەپێی قسەی باخدارو شارەزایانی گوێز، ئەو دارە ھەندێجار بەرزیەکەی دەگاتە زیاتر لە ٣٠ مەتر و تەمەنیشی تا ٢٠٠ ساڵ دەڕوات، ڕەگەکەشی مێخییەو بۆ ناخی زەوی دەچێ، داری گوێز لە دارو درەختەکانی دیکە جیاوازە، تاکە درەختە گازی ئۆکسجین ھەڵدەمژێ و گازی دوائۆکسیدی کاربۆن دەداتەوە، بۆیە لە کوردەواریدا خەوتن لەژێر دارگوێزدا بەباش نازانرێ.
بەشێوە زاری ھەورامی بەگوێز دەگوترێ (وەزی) کاکڵەکەشی پێی دەگوترێ (مەژگە) بەمانای مێشکی مرۆڤ دێ، کاکڵەی گوێز لەشێوەی مێشکی مرۆڤدایە، بۆیە لەسەردەمی ئیغریقییەکانەوە تائێستا گوێز نیشانەی زیرەکی بووە و زۆر سودمەندە بۆ خانەکانی مێشک و لەشساغی.
شارەزایانی تەندروستی گوتوویانە گوێز دەوڵەمەندە بەچەندین ماددەی بەسود وەکو مەگنیسیۆم، ڤیتامین E، پرۆتین، پۆتاسیۆم، شەکر و چەوری بەسودی ھەیە، رێژەی مادەی فسفۆر لە ناو گوێزدا وەک رێژەی فسفۆرە لە ماسی و برنج و ھێلکەدا، خواردنی رۆژانەی گوێز پەستان و رێژەی چەوری لەخوێندا کەمدەکاتەوە ، کێش و رێژەی شەکریش لەخوێندا ڕادەگرێ.
گوێز بەچەند قۆناغێک لێدەکرێتەوە، سەرەتا لەدارەکەوە دەتەکێنرێت، دواتر لەژێر دارگوێزەکەدا کۆدەکرێتەوە، ھەڵخستن و وشککردنەوە، بژاردن و جیاکردنەوەی، قۆناغی کۆتایش فرۆشتنیەتی.
گوێز چەند جۆرێکی ھەیە (کاکڵە، کوێر، خەیارە، کەلەکە) باشترین جۆریان کاکڵەیە.
ناوچەی ھەورامان لەسەردەمی حوکمڕانی سەدام حوسێن، وەکو بەشی ھەر زۆری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان گیرۆدەی شەڕە ماڵکاولکەرەکان بوو، ساڵی ١٩٧٨ سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی "چۆڵکردنی گوندو شارەکانی سەرسنوور"ی دەست پێکرد و سەرچاوە سیاسییەکان لەھەرێمی کوردستان دەڵێن زیاترلەچوار ھەزار گوندو شارۆچکە راگوێزران، بەوەیش زیانێکی زۆر گەیشت بەدارو درەخت و ژینگەی ئەو ناوچانە.
بەھۆی چۆڵکردنی گوندەکان تەواوی رەزو باخ و کانیاوەکانی ئەو ناوچانە کوێر بوونەوە، جوتیاران و باخداران ساڵی ١٩٩١ لەدوای دەرپەڕڕندنی سوپای عێراق لەھەرێمی کوردستان دەستیانکردەوە بەچاندنەوەی رەزو باخی خۆیان.
بەھۆی کەمی گوێزی ھەورامان ناتوانرێ پێویستی ناوخۆیی پێدابین بکرێ، بۆیە لەدەرەوە گوێز ھاوردە دەکرێ، فرۆشتنی گوێز بەدانەیە، پێچەوانەی بەرھەمی باخ ورەزە لەکوردستان، ئێستا نرخی ١٠٠٠ گوێز ٦٠ ھەزار دینارە(٥٠ دۆلار) ماوەی چەند ساڵێکە گوێزی ھەورامانی (دیوی ئێران) ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێ، بەھۆی ھەرزانی نرخەکەی داواکاری زیاتری لەسەرە.