Salim Hemexan
14 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2018
ھەورامان – AA
ئەحمەد عەزیز کە ھاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی زەڵمە و وەک خۆی دەڵێت، ماوەی بیست و یەک ساڵە لە سەرچاوەی زەڵم کاری وێنەگری دەکات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێرێ ئەم کاتە ئەم سەرچاوەیە تەواو بێ ئاو بوو، ھیچ ئومێدێک نەبوو بۆ ئەوەی ئەو ئاوە بگاتە ناوەڕاستی بەھار و وشک نەکات، بەڵام سوپاس بۆ خوا شەوی رابردوو دوای بارانەکەی ئەم دوو رۆژە، سەرچاوەکە وا بووژایەوە و بە تەواوی ھەموومانی دڵخۆش کردووە".
گوتیشی: "کورد دەڵێت ئاو و ئاوەدانی، جوانی و ناوبانگی ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی زەڵم بەم ئاوەوەیە، ئەگەر بهاتایە و سەرچاوەکە نەبووژابایەوە و ئاوەکەی بەم شێوەیە زیادی نەکردایە، ئەمساڵ نەک ھیچ گەشتیارێک سەردانی ئەحمەدئاوای نەدەکرد، بەڵکو تەواوی باخەکانیش وشک دەبوون، ئێستا سوپاس بۆ خوا ئەگەر لە ساڵان باشتر نەبێت ھێندەی ساڵان ئاوی ھەیە و ھیچ مەترسییەک نەماوە".
ناوبراو گوتیشی: "ئەوەتا ئەمڕۆ ئەوە یەکەمین جارە بەو قەبارەیە گەشتیار رووی لە ئەحمەدئاوا کردووە، رێژەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوچەکانی عێراق و بەغداوە ھاتوون و بە بینینی دیمەنەکانی سەرچاوەکە شاگەشکە بوون، ئێرە تایبەتمەندیی باشی تێدایە بۆ گەشتیاران و بووەتە سەرچاوەیەکی باشیش بۆ بژێوی خەڵکانێکی وەک ئێمە".
لای خۆیانەوە ژمارەیەک لە گەشتیاران لە سەرچاوەی زەڵم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەیان کرد، رانیا رەشید، کە کچە خوێندکاری زانکۆیە لە بەغداوە ھاتبوو، ئەو زۆر بە پەرۆش بوو بە بینینی دیمەنەکانی سەرچاوەی زەڵم و گوتی: "ئێمە لە بەغداوە ھاتووین بۆ ئەم سەیرانگا جوانە، دیمەنەکانی ئێرە تەواو سیحراوین، ئەو ئاوەی لەو شاخەوە دیتە خوارەوە جوانترین دیمەنێکە تا ئێستا بە چاوی خۆم بینیبێتم، ئاخر من تا ئێستا ئەوەندە ئاوم تەنھا لە رووباردا بینیوە، نەمدیوە ئاوێکی وا زۆر لە شاخێکەوە بێتە خوارەوە".
گوتیشی: "ئێرە زۆر زۆر خۆشە، من یەکەمجارمە دێمە کوردستان و بەتایبەتی ئەم سەیرانگایە بۆمن جوانترین یادگاریی پاش گەڕانەوەم دەبێت، ئەمە ئێستایە کە کەشوھەوا ئاساییە ئەوەندە خۆشە دەبێت ھاوین لە کەشی گەرمادا گەشتی ئێرە چەند خۆش بێت، من ئومێدەوارم جارێکی تر بتوانم سەردان بکەمەوە و لەگەڵ دۆستان و کەسوکارمدا بتوانین بێینەوە ئەم سەیرانگایە و کاتی خۆشتری تیادا بەسەر بەرین".
ریاز ئیشبیلی کە خاوەنی کۆمپانیای گەشتیارییە و کۆمپانیاکەی ئەوان یەکەمین گرووپی گەشتیاری ئەمساڵی ھێنابووە سەیرانگای ئەحمەدئاوا، ئەو گوتی: "بۆ من دیمەنەکانی سەیرانگای ئەحمەدئاوا بوونەتە بەشێک لە پیشەکەم، ساڵانە بەدەیان گرووپی گەشتیاران دەھێنینە ئێرە و ماوەی چەند رۆژێک لە ناوچەکە دەیانھێڵینەوە، ھەر ئەو گەشتیارانەش کە بەشداریی گەشتکانمان دەکەن، بوونەتە سەرچاوەی پەیداکردنی گرووپی تری گەشتیاران بۆ ئێمە، چونکە جوانی ئەو دیمەنانەی لە سەیرانگاکانی کوردستان دەیبینن بۆ ھاورێکانیانی بەیان دەکەن و ئەوانیش بۆ گەشت پەیوەندیمان پێوە دەکەن، لێرەش رێزی تایبەتی لە گەشتیاران دەگیرێت و ھەموو ئەو گەشتیارانەی ھاورێی ئێمە بوون بەخۆشحاڵیەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان".
گوتیشی: "ئێمە ماوەی سێ ساڵە لە بەغدا و کوت و ناسریە و حیلـلە و نەجەف و کەربەلاوە گەشتیار دەھێنین بۆ ئێرە، ئەوەش وای کردووە شارەیەزاییەکی باشی ناوچەکە بووین و تەنانەت زمانیش فێربووین، بۆیە دڵمان بە ناوچەکە دەکرێتەوە و ساڵانەش ھەوڵمانداوە یەکەمین گرووپە گەشتیاریەکان ئێمە بین کە بێینە کوردستانەوە".