ئهدرنه
مزگەوتی سەلیمیە لە شاری ئەدرنە 24 سەعات بەڕووی خەڵكیدا كراوە دەبێت.
لەو بارەیەوە موفتی ئەدرنە ئەمروڵڵا ئوزوم لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "لەمەوداو دەرگاكانی مزگەوتی سەلیمیە 24 سەعات بە كراوەیی دەمێننەوە و هیچ كات داناخرێن".
ئوزوم ئەوەشی خستەڕوو كە مانەوەی دەرگای شوێنێكی ئایینی بە كراویی، كاردانەوەی ئەرێنی هەبووە.
گوتیشی: "لە رابردوودا مزگەوتی سەلیمیە لە دوای نوێژی خەوتنان تا بانگی بەیانی دادەخرا، ئەوانەی لەپاش نوێژی خەوتنان دەهاتن بۆ مزگەوتەكە لە دەرەوەی نوێژیان دەكرد. ئەوەش بەڕاستی جێگای نیگەرانی بوو. لەم حاڵەتەدا بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی ئەمنی چارەسەری ئەوەشمان كرد، ئیدی لەومەودا دەرگاكانی مزگەوتی سەلیمیە بەڕووی ئەوانەی كە دەیانەوێت نوێژ بكەن داناخرێت. هەر كاتێك خەڵكی سەردانی بكەن دەتوانن بچنە مزگەوتەكەوە و پەرستشی خۆیان بكەن."
موفتی ئەدرنە ئوزوم، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە سەلیمیە چانسیكی گەورەیە بۆ ئەدرنە و گوتی: "ئەو مزگەوتە بۆ ئەدرنە بەهایەكی زۆری هەیە، وەك چۆن دەرگاكانی ماڵی خودا داناخرێن، بەو شێوەیەش مزگەوتی سەلیمیە هەموو كات كراوە دەبێت بەڕووی هەموو كەسێكدا بۆ پەرستش كردن تیایدا. وەك چۆن مەككەی پیرۆز بەدرێژایی مێژوو لە سەردەمی ئادەم علیە سلام شوێنیكی گرنگە، وەك چۆن مەدینەی مونەوەرە دوای هیجرەتی پیغەمبەری ئازیزمان مەسجدی نەبەوی تێداكرایەوە، وەك چۆن مەسجدی ئەقسای قودس گرنگە، مزگەوتی سەلیمیەش یەكیكە لەو شوێنە گرنگانە".
مزگەوتی سەلیمیە كە ئاماژەیە بۆ شاری ئەدرنەی عوسمانی، دەكەوێتە ناوەڕاستی شارەكە لە شوێنێك كە لە كۆندا بە مەیدانی "ساریبایر و كاواك" ناسرابوو. لە ساڵی 1575دا بە فەرمانی سوڵتان سەلیمی دووەم دروست كراوە، بینای مزگەوتەكە لەدوورەوە دیارە و شوێنەكەی هەڵبژێردراوە. لەلایەن خۆجە میعمار سینان ئاغاوە دروست كراوە، مزگەوتەكە لە سێ بەش پێكدێت كە لەسەر رووبەری دوو هەزار و 475 مەتر چوارگۆشە دروستكراوە و رووبەڕی ناوەوەشی هەزار و 620 مەترە. ئەوەش لە مێژووی بیناسازی عوسمانیدا بە فراوانترین بینا دادەنرێت.