Rewa Mahmood Hasan
11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
سلێمانی-AA
لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) دەوامکردن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان راگیراوە و داوا دەکرێت هاووڵاتییان خۆیان بەدووربگرن لە هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک و چەندین بۆنەی ئایینی و نەتەوەیی راوەستێنرا، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لە یادکردنەوەی رۆژی جلوبەرگی کوردی.

هەرچەندە لەئێستادا بەشێک لە هاووڵاتییان وەک پێویست رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی جێبەجێ ناکەن و بەردەوامن لە دروستکردنی قەڕەباڵغی، بەڵام بەڕێژەیەکی بەرچاو کۆڕ و کۆبوونەوە و قەڕەباڵغکردنی شەقامەکان وەستاون.
بەمەبەستی یادکردنەوەی رۆژی جلوبەرگی کوردی چەند هاووڵاتییەک لە شاری سلێمانی بۆ خۆ بەدوورگرتن لە قەڕەباڵغی و بۆ یادکردنەوەی ئەو رۆژە، چوونە پارکی هەواری شار و لە کەشێکی تەندروستدا ئەو یادەیان کردەوە.

بەشێک لە هاووڵاتییان بێ ئەوەی قەڕەباڵغی دروست بکەن، چوونە پارکی هەواری شار و لەوێ سەرقاڵی وێنەگرتن بوون بە جلوبەرگی ئاڵاو واڵاوە.
لەگەڵ ئەوەی کە رێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانی وەک شەکراو خواردنەوە و ئاهەنگی هاوسەرگیریش بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە، بەمەبەستی وێنەگرتن بووک و زاوایەک سەرقاڵی وێنەگرتن بوون، تاکو ئەو رۆژەیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.

بەشداربوانی ئەو رێوڕەسمەی ئاهەنگی هاوسەرگیری دوور لەیەک وەستابوون و وێنەیان دەگرت.
هونەر عوسمان و لاڤین جەبار کە رێوڕەسمی خەنەبەندانیان بوو بێ دروستکردنی قەڕەباڵغی ئەو رێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەیان بەرێ کرد. ئەوان داوا دەکەن کە خەڵک لەبری ئەوەی بترسێت، دەبێت خۆی بپارێزێت.