Mohammed Baqi Hussein
11 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2016
لە كۆنسێرتی "هاواری زمانەكان"دا لەشاری وان، بە 25 زمان گۆرانی بۆ خۆشەویستی، ئاشتی و برایەتی گوترایەوە.
كۆنسێرتەكە لە هۆڵی شانۆی ئامادەیی پێشنوێژی و وتارخوێنیی وان لەلایەن كۆمەڵەی هونەر و كولتوری ئانكا-وە سازدرا و تێیدا گرووپێكی 25 كەسی بە 25 زمان گۆرانییان بۆ خۆشەویستی، ئاشتی و برایەتی گوتەوە.
سەرۆكی كۆمەڵەكە و سەرپەرشتیاری گرووپەكە نەجدەت بایات لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەدا كە بە گۆرانییەكان ئامانجیان ناردنی پەیامی خۆشەویستی، ئاشتی و برایەتییە بۆ جیهان.
بایات ئاماژەی بەوەدا كە هەزاران ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كولتوورە جیاجیاكان پێكەوە ژیاون و گوتی: "ئەم كۆنسێرتەمان دژی ئەوانە سازداوە كە لەسەر زمان شەڕ هەڵدەگیرسێنن، لە راستیدا پڕۆتێستۆكردنە. گرووپەكە عەرەب، كورد، ئەرمەنی، تورك، ئازەری، ئێرانی، جۆرجی و ئەفغانی تێدایە".
بایات گوتيشی: "لێرەدا ئامانجمان نیشاندان و تێگەیشتنە لە فرەزمانی، فرەكولتوری، پێكەوەژیان و برایەتی. بەم گۆرانییانە دەمانەوێت پشتگیریی پێكەوەژیان و ئاشتی و برایەتیی هەموو كۆمەڵانی خەڵكی جیهان بكەین بەتەواوی جیاوازییەكانیانەوە. سەرەتا بە 10 زمان گۆرانیمان گوت. ساڵی رابردوو كردمانە 20 زمان. ئەمساڵ بە 25 زمان گۆرانی دەڵێین. ئێمە لە هەموو گۆرانییەكانماندا بەهار، خۆر، سرووشت، پێكەوەژیان، خۆشەویستی و جوانی باسدەكەین. دەمانەوێت لە هەموو شوێنێكی توركیا كۆنسێرت سازبدەین".