Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
01 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجام و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خستەروو.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لیژنەی باڵای رووبەڕوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و بە بەشداری وەزیرە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە، دوای ئەوەی وەزیری تەندروستی راپۆرتی تایبەت بە رەوشی تەندروستی و دۆخی کۆرۆنای خوێندەوە، لیژنەکە بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان، و هەمان بڕیارەکانی بەیانی ژمارە ٥٢ی مانگی رابردووی وەزارەتی ناوخۆ جارێکی دیکە جێبەجێ دەکرێت".
جوتیار عادل گوتیشی "ئەم بڕیارانە تاوەکو حەوتی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت و بەلەبەرچاوگرتنی پاراستنی تەندروستی خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و هاووڵاتییان، دوای هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی هێشتا دۆخی کۆرۆنا لەژێر کۆنترۆڵدا نییە و پێویستە رێککارەکانی پەیوەست بە خۆپارێزی بەردەوام بێت و توندتر بکرێت، لە حەوتی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو جارێکی دیکە لیژنەکە کۆدەبێتەوە و بەپێی دۆخی ئەوکات بڕیاری دیکە دەدەین".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانیش گووتی "حکومەتی هەرێم بەمزووانە کۆبوونەوە دەکات سەبارەت بە مووچە و بڕیاری گونجاو لەوبارەیەوە دەدات، لە هەمان کاتیشدا بڕیارمانداوە هەرکاتێک حکوومەت بە گونجاوی زانی شاندی دانوستاندکاری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات لەکاتێکدا ئەگەر بزانین لە بەرژەوەندی خەڵکدایە".
دەربارەی ئەوەی پرۆسەی خوێندن بەم دواخستنە ناکەوێتە مەترسی فەوتان و لەدەستچوونی ئەمساڵی خوێندنەوە، جوتیار عادل رایگەیاند "وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزارەت پلانی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەو رێککار و پلانانەی کە پێویستە سەبارەت بەدۆخەکە خۆیان پلانی خۆیان داناوە و ئامادەیان کردووە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەم لیژنەیە دەخرێتە روو و بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت".