Rewa Mahmut Hasan,Ramal Abdullah Mahmood
06 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2017
ئورفا - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پێگەیشتنی فستقدا جووتیاران سەرقاڵی رنینەوە دەبن.
فستقی عەنتاب بە ناوبانگترین جۆری فستقە لە تورکیا و ناوچەکە، هەربۆیە لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیا لەو جۆرە دەڕوێنرێت.
لە ئێستادا کە کاتی چنینەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی فستقە، جووتیاران لە کێڵگەکانی شاری ئورفا لەژێر ٤٠ پلەی سەدیدا بەیانیان دەچنە سەر کارو بەرهەمی فستق کۆدەکەنەوە.
مامۆستای بەشی کشتوکاڵ لە زانکۆی هاران، پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد عەلی چوڵو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات لەمساڵدا چاوەڕێ دەکەن بەرهەمی فستقی عەنتاب کەمتر بێت لەچاو جۆرەکانی تردا.
پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد عەلی چوڵو ئاشکرای دەکات کە بارانی بەخوڕی مانگی نیسان و ئایار کاریگەری زۆردەبێت لەسەر بەرهەمی فستق و دەڵێت، "لە مانگەکانی بەهاردا بارانی زۆر باری لە ناوچەکەدا. لە هاوینیشدا پلەکانی گەرما زۆر بەرزبوویەوە. باران بۆ فستق زۆر گرنگە. بە تایبەت دەبێت رەگەکەی زۆر شێدار بێت. لەو شوێنانەی کە رەگی دارەکە بەشێداری دەمێنێتەوە، بەرهەمەکەی زیاد دەکات. لە ئیستادا فستقی پاقلاوە کۆدەکرێتەوە. کاتێک سەیری ناو فستقەکە دەکەین، پڕیەکەی بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراوە. ئەمەش مانای وایە کە درەختەکە شێی باشی وەرگرتووە. بەڵام بە گشتی ساڵێکی باش نییە بۆ بەرهەمی فستق".
پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد عەلی چوڵو ئاماژە بەوە دەکات کە جووتیاران دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ هەرجۆرە زانیاری وهاوکاریەک، چونکە فستق درەختێکی هەستیارە، دەبێت بیر لە بەرهەمی ساڵی داهاتووش بکرێتەوە.
سەرۆکی بۆرسەی ئابووری ئورفا، مەهمەت کایا ئاماژە بەوە دا کە پێدەچێت ئەمساڵ بەرهەمی فستق لە ئورفا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێ بە بەراوورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو و گوتی: "زۆرترین فستقی تورکیا لە ئورفا و عەنتاب بەرهەم دەهێنرێت. ئەگەر بەرهەم کەم بوو کاریگەری دەکاتە سەر نرخیش. بە هۆی نالەباری کەشوهەوا بەرهەمی فستق لە ئورفا کەمە. ساڵی رابردوو بێبارانی بوو. لەبەرئەمە پێویستە جووتیاران ساڵی چەند جارێک فستق ئاو بدەن، بە داخەوە تێڕوانینێکی هەڵەیە کە دەڵێن دار فستق پێویستی بە ئاودان نییە. پێموایە ئەگەر جووتیاران دار فستقەکان ئاو بدەن بەو رادە بەرچاوە بەرهەمی فستق کەم ناکات. نرخی یەک کیلۆ فستقی تەڕ ئێستا ١٥ لیرەیە. فستقی ئامادەکاراو ٣٠-٤٠ لیرە و ناوکە فستقیش نزیکەی ١٠٠ لیرەیە. ئەمساڵ جووتیارانی فستق بەرهەمهێن نیگەرانن بە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمەکە. وای بۆ دەچم ئەگەر پڕۆژەیەکی ئاودێری بۆ کێڵگەکانی فستق رابکێشرێت بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵ دەبین".
سەڵاحەدین یاڵچن یەکێکە لەو جووتیارانەی لە قەزای خالفەتی فستق بەرهەم دەهێنێت، ئاماژەی بەوە دا کە تازە دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی بەرهەمی فستق و ئەمساڵ بە هۆی بارینی تەرزەوە بەرهەمەکە کەمی کردووە.
سەڵاحەدین یاڵچن داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پڕۆژەی ئاودێری بۆ کێڵگەکانی بەرهەمی فستق رابکێشرێت و گوتی: "بەینیان زوو دێین فستق کۆبکەینەوە. ئێوارانیش لە تراکتۆر باریان دەکەین و دەیاننێرینە کارگە. ئێستا نرخەکان تا رادەیەک بەرزن. بەڵام بەرهەمی ئەمساڵ نیواونیو دابەزینەوە".