Muhammet Ali Kemal,Mohammed Baqi Hussein
04 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2017
ئورفا- AA
سەیدی تورانی تەمەن ٧٥ ساڵ کە لەخێوەتەکاندا چاوی بەدنیا ھەڵێناوە، تەمەنی خۆی بۆ ئاژەڵەکانی تەرخانکردووە کە ھەموو ساڵێک دەیان کیلۆمەتر رێگەیان لە کوێستانەکانی ئانادۆڵودا لەگەڵدا دەبڕێت و بەچێژەوە درێژە بەکاری ئاژەڵداریی دەدات کە زۆر کەس و لەنێویشیاندا ١٠ منداڵەکەی خۆی، لەبەر ئەوەی بەکارێکی زەحمەتی دەزانن، خۆیانی لێ بەدوور دەگرن.
ئەو یەکێکە لەو کۆچەرییانەی کە بەمەبەستی دۆزینەوەی لەوەڕی بەسوود بۆ ئاژەڵەکانی ناچارە لەھەندێک وەرزی ساڵدا لە کۆچکردندا بێت و زستانان لەبەرئەوەی ئورفا کەشێکی گونجاوی ھەیە، روو لەو پارێزگایە دەکات. لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا لە چۆڵەوانییەکانی دەورووبەری ئورفا خێوەتێکیان ھەڵداوە و شەو و رۆژ سەرگەرمی بایەخدان بەو ٥٠٠ سەر مەڕەیە کە ھەیەتی.
توران باوکیشی ئاژەڵدار بووە، لەبەرئەوە وەک سەرچاوەی بژێویی ژیانی ئەو پیشەیەی ھەڵبژاردووە و ھێشتا دنیا روونک نەبووەتەوە و خۆر ھەڵنەھاتووە کە دەست بەکاری رۆژانەی دەکات.
توران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد ھەموو تەمەنی خۆی بۆ کاری ئاژەڵداریی تەرخانکردووە.
توران باسی لەوە کرد کە بەو پارەی دەستیکەوتووە، ھەر دە منداڵەکەی کردووەتە خاوەن خانوو و ئەو منداڵانەی کە ماوەیەک لە بەخێوکردنی ئاژەڵدا ھاوکارییان کردووە، دواتر بڕیاریان داوە لە شار بژین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە کارەکەی زۆر خۆشدەوێت سەرباری ئەوەی کارێکی قورسە.
توران گوتی: "پیشەکەمان قورسە. مەڕ وەک منداڵ وایە. ناتوانیت بۆ ساتێکیش لێی بێئاگابین. ناچاری بەردەوام خەریکی کارێک بیت. زستانان لێرەین. کاتێک گەرما داھات دەچینە خۆرھەڵات. تەمەنم بەدوای ئەم ئاژەڵانەوە تێپەڕی. ھەمیشە بەم شێوەیە ژیاوین، بەڵام لەگەڵ چوونە تەمەنەوە کارەکە سەختتر دەبێت".
توران دەڵێت کە مەڕەکانی وەک منداڵەکانی خۆشدەوێت.
توران گوتی: "ھەموویان یەک یەک دەناسم. ئەگەر دانەیەکیان دیارنەمێنێت، خێرا دەزانم. وەک ئەوە وایە ٥٠٠ منداڵم ھەبێت. منداڵەکانم کە ھاوسەرگیرییان کرد رۆیشتن. منیش لێرە لەگەڵ مەڕەکانم مامەوە. دوای رۆیشتنی منداڵەکانم ھەموو کارەکان لەگەڵ ھاوسەرەکەم ئەنجامدەدەین. لەبەرئەوەی ئەویش نەخۆشە، کارەکان بۆ من دەمێننەوە. لەبەرئەوەی وەرزی بەھار کارەکان زیاتر دەبن، چەند شوانێک دەگرم. ٣ بۆ ٤ ھەزار لیرە دەدەم بەھەریەکێکیان، بەڵام ھەمیشە شوانم پێویست نییە. لەکاتەکانی دیکەدا خۆم دەبمە شوانی مەڕەکانم".
توران دەڵێت، بەبێ مەڕەکانی ناژی و تا مردن بەردەوام دەبێت.