Dilşad Seyfeddin Ahmed
14 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
لەگەڵ نزیكبوونەوەی یاد و جەژنەكانی تایبەت بە مەسیحییەكان و ئامادەكاری مەسیحییەكانی جیهان بۆ سەری ساڵی زاینی و جەژنی كریسمس، ئاوارە مەسیحییەكانی نیشتەجێی پارێزگەی سلێمانی بەپێچەوانەوە نیگەرانن و هیچ ئامادەكارییەكیان بۆ ئەو یادانە نەكردووە.
لە دوای گرتنی مووسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری لەلایەن چەكدارانی داعشەوە نزیكەی 20 هەزار هەزار ماڵباتی مەسیحی سنووری ئەو پارێزگەیە بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان هەڵاتن و زۆرترین ژمارەیان لە پارێزگەی دهۆك نیشتەجێ بوون، هەروەها 510 ماڵبات روویان كردە شاری سلێمانی و لە نێو كەنیسەكانی شارەكەدا نیشتەجێ بوون.
بەگوێرەی زانیارییەكان لە ئێستادا تەنها 202 ماڵباتی ئاوارەی مەسیحی لە شاری سلێمانی ماونەتەوە و ئەوانی تر چوونەتە لوبنان و ئوردن بەنیازی كۆچكردن بەرەو وڵاتانی تری ئەورووپا و وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتانە، بەشێكی تریشیان گەڕاونەتەوە شارۆچكەی عەینكاوە لە شاری هەولێر.
ئێستا ئاوارە مەسیحییەكانی شاری سلێمانی لە چوار شوێندا دوو كەنیسە و بارەگەی رێكخراوێكی تایبەتی مەسیحی و كەمپێكی تایبەت)دا نیشتەجێ كراون، ئەوان باس لەوە دەكەن دۆخی ژیانیان ناخۆشە و خوازیارن هەرچی زووە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
لوفا فەهمی، تەمەن 48 ساڵان و بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكی تایبەتی منداڵانی ئاوارە مەسیحییەكانە لە شاری سلێمانی، ئەو لەگەڵ گرتنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە لە رۆژی 9حوزەیرانی 2014 لەو شارە هەڵاتووە و ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە.
لوفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك مەسیحییەكان ئێستا لە ناوچەیەكی ئارامدا دەژین و هیچ كێشەیەكی شەڕ و ناكۆكییەكانمان نییە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی دۆخی مەسیحییەكان لە ئاوارەییدا باش نییە و نیگەرانییان هەیە".
ئەو گوتی: "ئەو ئاوارە مەسیحییانەی لە نێو كەنیسەكان یان چادرەكان دەژین هیچ ئامادەكارییەكیان بۆ جەژنی كریسمس نییە چونكە جەژن بە واتای خۆشی و شادی دێت مرۆڤ ئەو كاتە هەست بە خۆشی دەكات كە لە نێو ماڵ و كەسوكار و خێزانەكەی خۆیدا بێت پێكەوە، بەڵام ئێمە لەم ئاوارەییدا لەو خۆشییانە دوورین و هەست بە خۆشی ناكەین".
ئەو مامۆستایە كە پێشتریش لە مووسڵ بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكی تایبەتی مەسیحییەكان بووە و ئێستاش بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكی تایبەت بە ئاوارەكانە لە سلێمانی، ئاماژەی كرد بەوەی ماوەی پێنج مانگە مووچەیان لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە وەرنەگرتووە. بەو هۆیەشەوە مامۆستا و فەرمانبەرانی ئاوارەی مەسیحی دۆخێكی ئابووری خراپیان هەیە و وەك ناڕەزایی دەربڕینێك لەو دۆخە ماوەی هەفتەیەك دەوامی خوێندنیان راگرتووە.
جۆزەفین یوسف ژنێكی تری تەمەن 58 ساڵانە و لە گەڵ بەشێك لە ئەندامانی خێزانەكەیدا لەگەڵ 13 ماڵباتی تری مەسیحی لە نێو باڵەخانەی یەكێك لە كەنیسەكانی سلێمانی دەژی، ئەو ماڵباتانە لە هۆڵێكی گەورەی كەنیسەكەدا ژیان بەسەر دەبەن و بەتەنها پەردەیەك دیواری ئەو ماڵباتانە لە یەكتر جیا دەكاتەوە.
هەموو ئەندامانی ئەو ماڵباتانە بە منداڵەكانیشەوە نیگەرانی بە روخساریانەوە بەدی دەكرا و نەیان دەویست هیچ گوتە و لێدوانێك بدەن و بەگوتەی خۆیان هیچ كەس گوێی لە ئازار و نەهامەتییەكانی ئەوان نییە.
جۆزەفین وەك زۆرێك لە ئاوارەكانی تر بە نیگەرانییەوە قسەی دەكرد و دەیگوت، دۆخمان ئەوەیە كە بەچاوی خۆتان دەیبینن و قسەكردنیش هیچ سوود و قازانجێكی نییە بۆ ئێمە.
ئەو ژنە ئاوارە مەسیحییە لە نیگەرانیدا پەلەی گەڕانەوەیەتی بۆ ناوچەكەی خۆی (قەرەقوش لە نزیك مووسڵ) كە هەتا ئێستاش بەدەست چەكدارانی داعشەوەیە، ئەو گوتی: "هەتا رۆژێك زوتر بگەڕێینەوە بۆ ئێمە باشترە، دەمانەوێت ئەمڕۆ بگەڕێینەوە پێش داهاتنی سبەی چونكە لێرە ژیانمان ناڕوات و كارەبا و ئاو و نەوتمان نییە و دۆخەكەش زۆر ساردە".
ئەو لە بارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ جەژنەكانی خۆیان گوتی: "هەتا ئێستا هیچ شتێكمان نەكردووە و درەختی كریسمسیشمان دانەناوە لە كاتێكدا ساڵانی پێشتر ئەم كاتانە زۆر ئامادەكاریمان كردبوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێستا لە روی دەروونییەوە هیچ ئاسوودە نین و ئەگەری ئەوەش هەیە لەو رۆژەدا بەشداری رێوڕەسمەکانی ئاینی كەنیسەش نەكەم ئەگەر دۆخەكە ئاوەها بێت".
یەك لە سەرپەرشتیارانی ئاوارە مەسیحییەكان كە لە رێكخراوێكی رۆشنبیری مەسیحی كار دەكات بەناوی ئازاد شەقڵاوەیی گوتی: "لەگەڵ ئەوەی حكوومەت و رێكخراوەكان هاوكاری باشی ئاوارە مەسیحییەکانی كردووە بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی دۆخمان باش نییە".
شەقڵاوەیی ئاماژەی كرد بەوەی لە رۆژی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا ئاهەنگێكی بچووك بۆ ئاوارە مەسیحییەكان ساز دەكەن، بەڵام ئەو باوەڕی وابوو بەشی زۆری ئاوارەكان بەهۆی خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانیانەوە نەتوانن بەشداری ئەو ئاهەنگەش بكەن.