Rewa Mahmood Hasan
17 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی - AA
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆوە، کۆمەڵێک چالاکی ڕێکخست.
١٧ی تشرینی دووهەمی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی قوربانییانی هاتوچۆیە، هەر بەو بۆنەیەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی چەند چالاکییەکی ئەنجام دا.
سەرەتای چالاکییەکان لە بەردەم باخی گشتی کاتژمیر ٩:٠٠ی بەیانی ئەنجام درا، کە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەهاوکاری سەندیکای هونەرمەندان، بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر شێوەکار، شانۆکار، موزیسیان ، گۆرانیبێژ، ئەکتەر و چەند کەسایەتییەکی تری حکوومی و حیزبی، پەیامەکانی سەلامەتی هاتوچۆیان گەیاندە هاووڵاتیان و دانیشتوانی شاری سلیمانی، تاکو دوور بکەونەوە لە سەرپێچی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، بۆ ئەوەی گیانی خۆیان و کەسانی تریش نەخەنە مەترسییەوە.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی عەمید فەرەیدون عومەر ئاماژەی بەوەدا کە بەخۆشحاڵییەوە ژمارەیەک زۆر کەس و لایەن بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە و هەروەک ئاماژەی بە ئاماری رووداوی گیانلەدەستدان کرد لە ساڵی رابردوو و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵداو گوتی، ''ئێمە ئاماری شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٩مان لە مانگی تەمموزدا راگەیاند، سەری ساڵیش ئاماری شەش مانگی دووهەم رادەگەیەنین، قوربانیانی هاتوچۆ (لە سنووری پارێزگای سلێمانی) لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمی کردبوو، هیوادارین کە ئەمساڵ کەمتریش بێت، لەکاتێکدا ساڵی پار٢٢٤ کەس لە رووداوی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست دابوو. ئومێد دەکەین ئەمساڵ ئەو ژمارەیە کەمتر بێتەوە، لەکاتێکدا لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٦٥ کەس گیانیان لەدەست داوە بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە، بەراوورد بە شەش مانگی رابردوو ژمارەکە کەمی کردبوو.
هەڵمەت و چالاکییەکە بە بەشداری زۆرێک لە چینەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو. قوتابیانی بنەڕەتی، بە بەرزکردنەوەی دروشمی''ئۆتۆمبێل هۆکارێکە بۆ خۆشگوزەرانی نەک کارەسات''، ''تکایە هۆکارەکانی سەلامەتیمان بۆ دابین بکەن'' و چەندین دروشمی تریان بەرزکردبوویەوە تاکو سەرنجی شۆفێران و هاووڵاتیان رابکێشن بۆ ئەوەی لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا زیاتر بە ئاگایانە مامەڵە بکەن.
لەبەشێکی تری چالاکییەکەدا چەندین وێنە و فۆتۆی تایبەت بە رووداوی هاتوچۆ و هۆشیار کردنەوە دەربارەی سەلامەتی هاتوچۆ نیشان دران.
خوێندنگەی بنەڕەتیی هەوارەبەرزە یەکێک بوو لەو لایەنانەی بەشدار و هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بوون لە گەیاندنی پەیامەکانی سەلامەتی هاتوچۆ.
لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، توێژەری کۆمەڵایەتی لە خوێندنگەی بنەڕەتی هەوارەبەرزە ژیار سەعید رەسووڵ ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ساڵی رابردووش بەشدارییان کردووە لەو چالاکییەدا بۆ هۆشیارکردنەوەی دانیشتوانی سلێمانی و دەوروبەری لە رووداوەکانی هاتوچۆ و سەلامەتیان و گوتی، ''ئەمساڵیش لەرۆژی تیرۆری سپیدا بەهاوکاری رێکخراوی هێڵی سوور بە ٥٠٠ خوێندکارەوە بەشداریمان کرد لە چالاکی هۆشیارکردنەوەی خەڵکدا بە ئامانجی پاراستنی نەوەی داهاتوو بەدوورگرتنیان لە رووداوی هاتوچۆ".