Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2017
سلێمانی AA
فێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ لە كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی مامۆستایان و خوێندكارانی بەشەكە و ژمارەیەك لە میوانان و نوێنەری رێكخراو و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان دەستی پێكرد و ماوەی تەنها یەك رۆژ دەخایەنێت، تیایدا چەندین جۆری جیاوازی خواردن نمایشكرا و بە نرخێكی هەرزان دەدرایە ئامادەبووانی فێستیڤاڵەكە و، داهاتەكەشی بۆ كەمئەندامانی شارەكە كۆدەكرێتەوە.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە و سەرۆكی بەشی شارستانی كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی، سیروان خورشید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " فێستیڤاڵێكی بەهارەیە لە لایەن خوێندكاران و مامۆستایانی بەشەكەوە ئەنجامدراوە و نزیكەی 250 خوێندكار بەشدارییان تیادا كردووە، ئەوەش دوای سەردانێكمان هات بۆ لای یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان و لە نزیكەوە ئاگاداربوونمان بە دۆخ و ژیانی كەمئەندامان و كێشە و گرفتەكانیان".
ئەو گوتی: "حەزمان كرد دەستپێشخەری ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵە بكەین بە خستنەڕووی چەندین جۆر خواردن كە لە لایەن خوێندكارانەوە دروست كراون لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی سپۆنسەر كە بەرهەمەكانیان دەفرۆشن، داهاتەكەشی داهاتێكی رەمزیە و دەدرێتە رێكخراوی یەكێتی كەمئەندامان".
لەلای خۆیەوە سكرتێری رێكخراوی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان، سامان حسێن خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی ئەو چالاكییەی مامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێجی ئەندازیاری نیشاندا و گوتی:" داهاتی ئەم فێستیڤاڵە بۆ یەكێتی كەمئەندامانە تابتوانین بەو داهاتە ماڵی چەند كەمئەندامێك ئاوەدان بكەینەوە، ئەوەش جێگەی دەستخۆشییە و مێژوویەكی شارستانی و جوانیان بۆ خۆیان تۆمار كرد".
سكرتێری رێكخراوەكە ئاماژەی كرد بەوەی بە هۆی قەیرانی دارایی و كەمكردنەوەی مووچەوە، كەمئەندامانی كوردستان لە دۆخێكی دارایی خراپدا ژیان دەكەن و پێویستیان بە هاوكاری و كۆمەكی گشت لایەنەكان هەیە.