Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2017
سلێمانی - AA
لە پێناو پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە رێكخراوی ئاسودە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان لە شاری سلێمانی رێكخرا بۆ قسەكردن لەسەر هەڵكشانی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و دیاردەی كوشتن و خۆكوشتن و ماددەی هۆشبەر و تاوانە ئەلیكترۆنیەكان و تاوانەكانی تر بە گشتی كە بە گوتەی سەرپەرشتیارانی كۆبوونەوەكە خەریكە دەبنە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی.
كۆبوونەوەکە بە بەشداری دامەزراوەكانی پۆلیس و پۆلیسی كۆمەڵگەیی و ئەنجوومەنی پارێزگا و چاودێری كۆمەڵایەتی و لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان و سەندیكای رۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و دەستەی مافی مرۆڤ وداواكاری گشتیی و بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی توندوتیژی و چەند رێكخراو و كەسایەتییەك بەڕێوەچوو.
سەرپەرشتیارێكی پڕۆژەكە رایگەیاند، ئامانج لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردنە لەسەر دروستكردنی دەستەیەك بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند كارێك تا ببێتە فشارو ئاگاداركردنەوەی حكوومەت لە مەترسییەكانی ئەم حاڵەتانە.
دوای كۆبوونەوەكە داواكاری گشتی سلێمانی، بەختیار عەلی لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئێمە وەك داواكاری گشتی بۆ ئەو كێشانەی لە رابردوودا روویانداوە و هەر كێشەیەكیش لە داهاتوودا رووبدات هەوڵ دەدەین بە دوو ئاراستەدا ئیش بكەین، ئاراستەی یەكەم ئەوە بێت كێشەكان رووبەڕووی دادگا بكەینەوە و لە دادگاش بەردەوام چاودێڕی بڕیارەكان بكەین، پێش ئەوەش هەوڵ هەبوو بۆ دروستكردنی دەستە و لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون و چاودێریكردنی كێشە و پرسەكان، ئەمەش دیارە هۆكارێك دەبێت بۆ كەمكردنەوەی كێشەی تاوانكاری لە رێگەی سەردانیكردنی دامودەزگاكانی حكوومەت و ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بەم كێشەیەوە هەیە".
ئەو گوتی: "هەموو كێشەیەكی تاوان دەبێتە قەزیەیەك و دەچێتە بەردەم دادگا، بە خۆشحاڵیەوە زۆربەی كێشەكانی كوشتن و تۆمەتبارەكان دەستگیركراون و لەبەردەم دادگان".
داواكاری گشتی سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی ئەو دۆسیەیانەی چوونەتە بەردەم دادگا بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دراوە و ئەگەر كێشەیەك هەبێت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكان رووبەڕووی دامودەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش دەكرێتەوە.
بەختیار عەلی لە بارەی بوونی دوكان و شوێنی فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی لەناو شاری سلێمانی گوتی: "سكاڵامان لەسەر ئەو بابەتە جوڵاندووە و ئەو كەسانە تۆمەتبارن، بەڵام لە دامودەزگاكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا كەمتەرخەمی هەیە و تائێستا جێبەجێیان نەكردووە، ئێمە بەدوای ئەوەدا دەچین و رێوشوێنیان بەرامبەر دەگرینەبەر ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن".
بە گوێرەی ئاماری رێكخراوەكانی ژنان كە لە كۆبوونەوەكەدا باسی لێوەكرا، تەنها لەم مانگەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نۆ ژن بە هۆكاری جۆراوجۆر كوژراون، ئەوەش بە هەڵكشان و مەترسی زیادبوونی كوشتنی ژنان ناودەبرێت.
لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی گشتی سلێمانی، جەلال مینە بەگ گوتی: "لەم ماوەیەدا تاوانەكان زیادیان كردووە لە كوشتنی ژنان و تەقەكردن و زیادبوونی چەك و ماددە هۆشبەرەكان، ئەم ماددانە بە دایكی تاوانەكان دادەنرێت و لەهەر شوێنێك ئەو جۆرە ماددانە بڵاو ببێتەوە دزی و كوشتن و خۆكوشتن زیاد دەكات و ئەو كەسانە دەست بە ئەنجامدانی تاوان دەكەن".
مینە بەگ ئاماژەی بەوەكرد کە لەناو گرتووخانەكانی چاكسازی گەوران كاری فرۆشتن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان هەیە و دەیان كەیسیان لەسەر ئەو بابەتە بۆ هاتووە.