Dilşad Seyfeddin Ahmed
01 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2016
هەمووان لە ئێوارەوە هاتبوونە سەهۆڵەكە (ناوەندی شارەكەیە و شوێنی كۆبوونەوە و ئاهەنگ و بۆنەكانی دانیشتوانی ئەو شارەیە) و بە درێژایی شاڕێی سالم و بە نزیكبوونەوەی كۆتایی هاتنی ساڵی 2015 و یەكەم ساتی ساڵی نوێ، ژمارەیەكی زیاتری خەڵك دەهاتنە سەر شەقامەكان و لەگەڵ گەڕان و خۆشی و شادیدا وێنەی یادگاری خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەگرت.
بەرپرسانی شارەكە و هێزەكانی ئەمنی بۆ ئەو یادە رێوشوێنی ئەمنی خۆیان گرتبویە بەر و شاڕێی سالم بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخرابوو، جگە لەوە بەرپرسانی شار بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئامادەكارییەكی تایبەتیان نەكردبوو.
لە نێو هۆڵ و هۆتێلەكانیشدا ئاهەنگ و بۆنەی تایبەت سازكرابوون كە بەشێكیان هونەرمەندانی بیانی بانگهێشت كرابوون و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی شارەكەش سەردانی ئەو هۆڵانەیان كردبوو.
بەڵام ئەوەی بەرپرسان و دانیشتووانی شارەكەشی بێزار و نیگەران كردبوو، یارییەكانی ئاگرینی بوو كە لە هەموو گەڕەك و شوێنێكی شارەكەوە دەنگ و تەقەی ئەو یارییانە بەرز بوبویەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی ئەمنی شارەكە چەند جارێك بەكارهێنەرانی ئەو یارییانەیان ئاگادار كردەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو كەسانەی ئەو یارییانە بەكاردەهێنن، بۆ ئەو مەبەستەش هێزەكانی ئەمنی لە زۆر ناوچەدا دەبینران.