Sarmand Hameed
08 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2016
عێراق
شانەی راگەیاندنی جەنگیی، بڵاوی کردەوە بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی بۆسەر مەزارگەیەکی شیعەکان لە شارۆچکەی بەلەد ـی سەربە پارێزگای سەڵاحەددین باکووری عێراق، ٣٦ کەس کوژران و ٧٠ی دیکەش بریندار بوون.
لە راگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی جەنگیی کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە هاتووە "چەتەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، مەزارگەی ئیمام محەمەد کوڕی ئیمام هادی لە شارۆچکەی بەلەد سەربە پارێزگای سەڵاحەددین (٨٠ کیلۆمەتر تکریت) بە هاوەن بۆردومان کردووە و دواتریش لەڕێگەی سێ تیرۆریستەوە هێرشی خۆگوژیان ئەنجام دا".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتە روو کە دوو لە سێ خۆکوژەکە لەکاتی گەیشتنیان بۆ دەرگای دەرەوەی مەزارەکە کەوتنە بە دەستڕێژی گولـلە و بەو هۆیەوە هەردوو تیرۆریستەکە لە ناو ئەو بازاڕەی کە دەکەوێتە دەورووبەری مەزارەکە خۆیان تەقاندەوە و کەسی سێیەمیش بەر لەوەی خۆی بتەقێنێتەوە کوژراوە و ئەو پشتێنە بۆمبڕێژکراوەی کە بەستبووی پووچەڵ کرایەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها هاتووە "بەهۆی ئەو هێرشە خۆکوژیەوە ٣٦ کەس کوژران و ٧٠ی دیکەش و بریندار بوون".
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان سەرقاڵی گەڕان و پشکنینن بەدوای ئە شوێنەی کە گولـلە هاونەکانی لێوە ئاراستەکراوە.
لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین، مەنار عەبدولموتەڵیب بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند " سێ خۆکوژ بە نارنجۆک هیرشیان کردوەتە سەر دووکانەکانی دەورووبەری مەزارەکە و لە نزیک یەکێک لە دەرگاکانی مەزارەکە خۆیان تەقاندوەتەوە".
ناوبراو گوتیشی: "بەهۆی جەژنەوە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکاران سەردانی ئەو مەزارە دەکەن و بەهۆی ئەو کردەوە تیرۆریستیەوە ئاگر لە دووکانەکانی دەورووبەری مەزارەکە کەوتووەتەوە".
سەید محەمەد یەکێکە لە ئیمامەکانی شیعە و کوڕی ئیمام عەلی هادی دەیەمین ئیمامەکانی شیعەیە.