İsmail Kaplan
11 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2022
قەرس- AA
لە پارێزگای قەرس دوای دروێنەی دەغڵودانەکان، ژنان بۆ پاک کردنەوەی بەرهەمی کێڵگەکانیان، رووەو ئاڕاستەی با گەنم و جۆ، شەنیان دەکەن.
بەهۆی بارانی زۆرەوە ئەمساڵ جووتیارانی قەرس بەرهەمێکی باشیان دروێنە کردووە، لە گوندەکانی شارۆچکەی ئارپاچای، ژنان بۆ پاک کردنەوە و ئامادە کردنی بەرهەمەکانیان، ئەرکێکی زۆریان لەسەر شانە.
ژنان سەرەتا دەغڵودانەکەیان شەن دەکەن و دواتر دەیانخەنە گوێنییەوە، پاشان دەیانبەنە ئەو شوێنانەی کە با دەیانگرێتەوە و بەرهەمەکانیان بە هێڵەک دەبێژنەوە، بەم شێوەیەش گەنم و جۆکە لە تەواوی کا و پووش و پەڵاش، پاک دەکرێتەوە.
لە دوای ئەم قۆناغەش ژنان، دەستدەکەن بە بژاردنی گەنم و جۆ و جیا کردنەوەی وردە بەرد و هەر ماددەیەکی دیکە کە لەناو بەرهەمەکاندا بێت، لە کۆتا قۆناغیشدا گەنم و جۆکانیان دەبەنە ئاش و دەیهاڕن، بەم شێوەیە گەنم و جۆکانیان ئامادە دەبن بۆ زستان.
- "ئامێرەکان چێژی کاری دەستیان نییە"
بیرگول تورهان، خانمێکی گوندنشینە و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "گرنگترین ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان قۆناغی دوای دروێنەیە. جاران نەوەی نەنکمان هەر بە دەست هەموو کارەکانیان دەکرد. ئێستا ئامێر هەیە و هەموو شتێک بووەتە ئامێر، بەڵام ئامێرەکان چێژی کاری دەستیان نییە. ئەو بەهەمانەی بە دەست ئامادە دەکرێن بەچێژترن، ئێمەش بە دەست بەرهەمەکانمان ئامادە دەکەین".
تورهان ئاماژەی بەوەشدا کە لە پاک کردنی دەغڵوداندا سوود لە با وەردەگرن و گوتی: "با گەنمەکە لە کایهکە جیا دەکاتەوە. دوای کۆتایی هاتنی کارەکانیش گەنمەکە دەخەینە ناو مەنجەڵ و دەیکوڵێنین، بەم شێوەیە ساوەر و قەرەخەرمان، دروست دەکەین. بهوجۆره خۆمان بۆ زستان ئامادە دەکەین ".
هوریدە ئاڤجی، خانمە گوندنشینێکی دیکەیە و دەربارەی شەنی خەرمان، باس لەوە دەکات کە زۆربەی کات لە بری ئامێر سوود لە با، وەردەگرن، گوتیشی: "بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستین. بە سەتڵ گەنم و جۆ دەهێنین، ئەگەر با هەبێت ئەوا رووەو ئاڕاستەی با شەنیان دەکەین ئەگەر با نەبوو ئەوا چاوەڕێ دەکەین تا هەڵدەکات. دواتر ئەم بەرهەمانە دەبەینە ئاش و ئامادەکارییەکانمان بۆ زستان کۆتایی دێن".
11.09.2022 له قەرس ژنان شەنی دەغڵودانەکانیان دەکەن
- ژنان، سەرەتا دەغڵودانەکەیان شەن دەکەن و دواتر دەیانخەنە گوێنییەوە، پاشان دەیانبەنە ئەو شوێنانەی کە با دەیانگرێتەوە و بەرهەمەکانیان بە هێڵەک دەبێژنەوە، بەم شێوەیەش گەنم و جۆکە لە تەواوی کا و پووش و پەڵاش، پاک دەکرێتەوە