Muhammet Ali Kemal
20 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2017
کلیس - AA
لێشاوی هاووڵاتییە سوورییەکان بەمەبەستی بەسەربردنی جەژنی رەمەزان لە وڵاتی خۆیان، لە دەروازەی سنووریی ئۆنجوپنار لە کلیس، درێژەی هەیە.
بەشێک لەو هاووڵاتییە سوورییانەی بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە پەنایان بۆ تورکیا هێنابوو، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.
گەڕانەوەکان لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگا و فەرماندەیی جەندرمە لە کلیس بەڕێوەدەچێت و ئەو سوورییانەی دەیانەوێت بۆ جەژن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان دوای ئەوەی روو لە دەروازە سنوورییەکە دەکەن، لەو ناوەندەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی کۆچ کراوەتەوە، ناویان تۆماردەکرێت و پاشان لەرێگەی ئەو پاسانەی کە لە گۆڕەپانی گومرکی دەروازەکەدایە و ژمارەی تابلۆکانیان سەر بە سووریایە، رەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.
یەکێک لەو هاووڵاتییانە ناوی نایفە مورادە و لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد ٤ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە پەنایان بردووەتەوە بەر تورکیا و لە ئێستاشدا زۆر بیری دایک، باوک و خوشک و براکانی دەکات و هەربۆیە بۆ جەژن، دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەوان، گوتیشی: ''ئەمڕۆ دەگەڕێینەوە وڵاتەکەمان و جەژن لەگەڵ خانەوادە و کەسوکارماندا بەسەردەبەین''.
لای خۆشییەوە مەهمەت زازا باسی لەوەکرد دوای چوار ساڵ بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ سووریا و بە دایکی و خزمەکانی شاد دەبێتەوە.
بەرپرسانی گومرکی دەروازەکە باس لەوە دەکەن، لەماوەی هەفتەی رابردوودا ٣١ هەزار هاووڵاتیی سووریی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.