Rewa Mahmood Hasan
25 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2022
سلێمانی - AA
ماوەی چەند رۆژێکە پلەکانی گەرما لە سلێمانی بەڕێژەیەکی بەرچاو ھەڵکشاون و تا سەروو ٤٥ پلە بەرزبوونەتەوە، ئەمەش دوای ھۆشداریی پسپۆڕانی کەشناسی دێت لە گەیشتنی شەپۆلێکی بە تینی گەرما.
ھاووڵاتییان بە شێوازی جیاجیا ھەوڵی خۆ فێنککردنەوە دەدەن بۆ دوورکەوتنەوە و رزگاربوون لە گەرمای بەتین، زۆرێک لە ھاووڵاتییان روو دەکەنە مەلەوانگەکان، بەڵام منداڵان و گەنجانی ناوچە گوندنشینەکان کە دوورن لە خزمەتگوزارییەکان ھەوڵدەدەن لەڕێگەی مەلەکردن لە چەم و رووبار و چەمەکاندا فێنکایی بەجەستەیاندا بێنن.
منداڵانی گوندی بێستانسوور سەر بە ناحیەی عەربەتی پارێزگای سلێمانی لەتاو گەرمای تاقەتپڕوکێن خۆیان دەدەنە بەر چەمی گوندەکە و شەڕە ئاو دەکەن، ناوبەناویش لەڕێگەی شێوازی جیاجیای خۆھەڵدانە نێو ئاوەوە، رۆژە گەرمەکانیان بەڕێدەکەن.
دانیشتووی گوندی بێستانسوور، محەمەد ئەبوبەکر ٢٩ ساڵان ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی سێ ساڵە گەنجان و منداڵانی ناوچەی شارەزوور و بێستانسوور، بۆ خۆفێنککردنەوە روودەکەنە چەمی بێستانسوور تاوەکو خۆیان لە گەرمای ھاوین رزگاربکەن.
محەمەد ئەبوبەکر کە لە نزیکی چەمەکەوە دوکانێکی بچووکی کردووەتەوە، لەڕێگەی فرۆشتنی ساندویچ، ئاو و ساردییەوە بژێوی ژیانی پەیدا دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی سێ ساڵ زیاترە ھاووڵاتیان بەھۆی گەرمای بەتینی ھاوینەوە روودەکەنە ئەم چەمە بۆ مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە و گوتی: "بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکی چلەی ھاویندا، لە ئێستادا کە پلەکانی گەرما بۆ سەروو ٤٠ پلە بەرزبووەتەوە، گەنجان، بەتەمەنەکان، منداڵان تێکڕا رووی تێدەکەن، بەڵام زیاتر گەنجان و منداڵان دێن، ئەویش بەھۆی ئەوەی کە کارەبا لە کاتژمێر ٠٥:٠٠ی بەیانیەوە دەبڕێت، بۆیە ھاووڵاتیان بۆ خۆفێنککردنەوە روودەکەنە ئەم ناوچەیە".
وەک محەمەد باسی لێوە دەکات، سەرچاوەی چەمی بێستانسوور ئاوی کانییەکانی ناوچەکەیە جیا لەوە ئاوی چەمی قلیاسانیشی تێدەڕژێت بەو ھۆیەوە ئاوێکی سازگار و فێنکی ھەیە و دەڵێت: "لێرە خەڵک تەنیا بۆ مەلە کردن نایەن، بەڵکو بەھۆی بوونی سەیرانگا و داری چڕەوە، گەشتیاریش رووی تێدەکەن، لە شاری سلێمانی، سەیدسادق، ھەڵەبجە، زەڕایەن، قەرەگۆل و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن دوور لەگەرمای بەتینی ھاوین".
ھەڵۆ عەلی کە پێشمەرگەیە و یەکێکە لەو گەنجانەی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و مەلە کردن رووی کردووەتە چەمی بێستانسوور، ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، ھەموو ھەفتەیەک دوو سێ جار روودەکەنە چەمەکە بۆ خۆفێنککردنەوە و مەلە کردن و گوتی: "ھاتووینەتە ئێرە تاوەکو خۆمان فێنک بکەینەوە، بۆ ئەوەی چیتر گەرمای ھاوین کاریگەریی نەبێت لەسەرمان، کارەبا دەبڕێت، بۆیە ئێمەش خۆمان دەدەینە بەر ئەم ئاوە و بۆ ماوەیەک دوور دەکەوینەوە لە گەرمای ھاوین".
وەک ھەڵۆ باسی لێوە دەکات، زۆرێک لە ھاووڵاتیان لە شار و شارۆچکەکانەوە روودەکەنە چەمی بێستانسوور، بە وەرزی ھاوین بۆ سەیرانگاکە و بۆ مەلە کردن لە ئاوی چەمەکەدا کە زۆر فێنکە.