Hemin Hüseyin
05 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
لە ئاکامی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای هەولێر-کەرکووک ، ١٠ کەس بوونە قوربانی.
شایەتحاڵی رووداوکە کە قوربانییەکانی گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە شاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە راستەوخۆ دوای رووداوەکە چوار کەس گیانیان لە دەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە لە ئاکامی رووداوەکە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش بریندار بوون.
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە لە وڵاتی تورکیاوە هاتبوو، شوفێرەکەیشی هەڵگری رەگەزنامەی تورکیا بوو، بڕی ٢٥ تۆن گەنمەشامی هەڵگرتبوو لە هەولێرەوە بەرەو ئاراستەی چوون بۆ شاری کەرکووک دەڕۆیشت و لە نزیک گوندی دۆڵەبەکرەی سەربە شارەدێی قوشتەپە کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدات و بەم هۆیەوەشەوە رێڕەوی خۆی دەگۆڕیت و دەچێتە سایدی بەرامبەر و لە ئەنجامدا خۆی بە سێ ئۆتۆمبێلدا دەکێشێت.
ئۆتۆمبێلی یەکەم لە جۆری تۆیۆتا یارس کە تابلۆکەی سلێمانی بوو، خێزانێکی ٥ کەسی تیادا دەبێت و لە ئەنجامدا شوفێری تۆیۆتا یارس و سێ منداڵەکەی گیان لەدەست دەدەن و خێزانەکەیشی زامدار دەبێت.
لە ئۆتۆمبێلی دووەمدا شوفێر و سەرنشینێک بریندار دەبن و لە ئۆتۆمبێلی سێیەمیشدا کە تەنیا شوفێری تیادا دەبێت زامدار دەبێت، هاوکات ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەش جگە لە شوفێرەکە، سەرنشینێکی تێدا دەبێت کە ئەوانیش زامدارن.
شایەتحاڵ کرمانج قەهار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک ئێمە گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، تەرمەکان لەسەر شەقام بوون و من شەش کەسم خستە ناو ئۆتۆمبێلەکەم و لەوانە باوکێک و سێ منداڵەکەی کە گیانیان لەدەستدا بوو، دایکی منداڵەکەش باری تەندروستی ناجێگیر بوو، شوفێری ئۆتۆمبێلی دووەمیش برینداربوو بەڵام ئەو باری تەندروستی باشتر بوو".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، فازڵ حاجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتژمێر ١١:٠٠ شوفێری بارهەڵگرێک کە لە هەولێرەوە بەرەو کەرکووک دەچوو بە هۆی تیژڕەویی کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و پەڕییەوە بۆ سایدی بەرامبەر و خۆی بە سێ ئۆتۆمبێلدا کێشا و لە ئەنجامدا شەش کەس گیانییان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندار بوون کە شوفێری بارهەڵگرەکە یەکێکە لە بریندارەکان".
فازڵ حاجی گوتیشی: "شەقامەکە کەمێک کەموکوڕی هەیە و ئەوەش هۆکارە کە رووداوی ئەم جۆرەی لێ بکەوێتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا پڕۆژەیەکمان داوەتە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی ئەو رێگایە بکەین تاوەکو رووداوی لەم چەشنە دووبارە نەبێتەوە".
لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە ئەوە پێنجەمین رووداوی ھاتوچۆیە روودەدات، چەند رۆژێک پێش ئێستا لەھەمان رێگا بارھەڵگرێک خۆی کێشا بە دوو ئۆتۆمبێل و بە ھۆیەوە سێ کەس گیانییان لەدەستدا.