Mohammed Baqi Hussein
26 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2016
پەیامی پشتیوانیی ئەستێرەی تۆپی پێی ھەڵبژاردەی پورتوگال و یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ منداڵانی سووری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری ھەیە.
ئەو ڤیدیۆیەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە بەمەبەستی پشتگیریکردنی منداڵانی زیانلێکەوتووی تراجیدیای مرۆیی سووریا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی ١٥ ملیۆن جار تەماشاکراوە و لانیکەم دوو ملیۆن لایکی وەرگرتووە.
ڤیدیۆکە تەنھا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار جار تەماشاکراوە و ٧٥٠ لایک و ٣٠ ھەزار توانجی لەسەر نووسراوە.
لەپێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامیش ٤ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار جار تەماشاکراوە و نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار لایک و ٥٠ ھەزار توانجی لەسەر نووسراوە.
لە تویتەریش نزیکەی ٦٠ ھەزار لایکی وەرگرتووە و ٥٠ ھەزار جار ریتویت کراوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە رێگەی رێکخراوی منداڵپارێزی جیھانەوە ئامادەیکردووە دەڵێت: "سڵاو، ئەم پەیامەم بۆ منداڵانی سووریایە. من یاریزانێکی تۆپی پێی بەناوبانگم. بەڵام پاڵەوانی راستەقینە ئێوەن. ئومێدەکانتان لەدەستمەدەن. ھەموو جیھان لەگەڵ ئێوەدایە. گرنگی بەئێوە دەدەین. پشتیوانیتان لێدەکەم."
ھەروەھا کریستیانۆ رۆناڵدۆ رایگەیاندبوو کە ھاوکاریی وەک خۆراک، جلوبەرگ و پێداویستیی پزیشکی پێشکەشی خێزانە سوورییەکان دەکات.