Heman Hussein Yaseen
14 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2024
هه‌ولێر - AA
ساڵانه لە ڕۆژی ١٤ی شوباتدا، له سه‌رانسه‌ری جیهان ڕۆژی ڤاڵانتاین یان ڕۆژی خۆشه‌ویستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه تیاییدا خۆشه‌ویستان دیاری و گوڵ و نامه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌گۆڕنه‌وه و ڕۆژێكی جیاواز به‌ڕێ ده‌كه‌ن، بۆ ئەمساڵیش جگە لە گوڵی سوور، چەند هاووڵاتییەک پارە، زێڕ و ئۆتۆمبێل بۆ خۆشەویستەکانییان دەکەنە دیاری.
له هه‌رێمی كوردستانیش ساڵانه ئه‌م یاده ده‌كرێته‌وه و به‌شێك له هاووڵاتییان دیاری له‌گه‌ڵ خۆشهویستهكانییان ده‌گۆڕنه‌وه و، پێشكه‌شكردنی گوڵی سووریش یه‌كێكه له ده‌ربڕینه ساده‌كانی خۆشه‌ویستی بۆ یه‌كتر له‌م ڕۆژه‌دا هه‌رچه‌نده مه‌رج نیه دیاری گۆڕینه‌وه‌كان ته‌نیا له نێوان خۆشه‌ویسته كوڕ و كچه‌كان بێت به‌ڵكو له نێوان ئه‌و كه‌سانه‌شدا هه‌یه كه بۆیه‌كتر گرنگن وه‌ك دایك و باوك و ئه‌ندامانی خێزان، به‌ڵام ئه‌م ڕۆژه زیاتر له نێوان خۆشه‌ویستانی سۆزدارییه‌وه گرنگی پێ ده‌درێت.
گوڵفرۆشان له شوێنه‌كانیان سه‌رقاڵی به‌ستان و دیزاینكردنی چه‌پكه‌گوڵی سوورن بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیان پێشكه‌شی یه‌كتری بكه‌ن و، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه له نێو دوكانه‌كه‌شدا له چاوه‌ڕوانی به‌ستانی چهپكهگوڵه سوورهكهیدا وه‌ستاوه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ده‌كرێت له‌م ڕۆژه‌دا جگه له خۆشه‌ویستی هاوكات لێبورده‌ش بین.
سیروان وەعدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ڕۆژی ڤاڵانتاین بیانووێكه بۆ ئه‌وه‌ی دیاری پێشكه‌ش به خۆشه‌ویستانمان بكه‌ین، ئه‌گه‌رنا هه‌موو ڕۆژێك ڤاڵانتاینه بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشمان ده‌وێن، جگه له‌وه‌ش ده‌كرێت ئه‌م ڕۆژه بكرێته ده‌رفه‌تێك بۆ لێبورده‌یی بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كیان به‌رامبه‌ر كه‌سێك كردووه به پێشكه‌شكردنی گوڵێك ده‌توانن ئاشتیان بكه‌نه‌وه''.
سیروان وەعدوڵڵا گوتیشی: ''هه‌روه‌ها ده‌توانین خۆشه‌ویستی بۆ كه‌سانی ده‌وروبه‌رمان دووپات بكه‌ینه‌وه وه‌ك خێزان، دایك، باوك، خه‌سوو، خه‌زوور و هاوڕێكان، هاوكات داوای لێبوردنیش له هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر دڵیانم شكاندبێت یان سه‌رچاوه‌ی نیگه‌ران بوونیان بوومه''.
ھاوکات یەکێکی دیکە لە نێو دوکانی گوڵفرۆشییەکە چاوەڕوانی ئەوە بوو کە چەپکەگوڵەکانی بۆ دیزاین بکرێت و بیباتەوە بۆ ئەوەی پێشکەشی خۆشەویستانی بکات، ئەو پێیوایە کە دەکرێت لە ڕۆژی ڤاڵانتاین زیاتر پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بدرێت و خۆشەویستی دووپاتبکرێتەوە.
زەینەب حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ڤاڵاتین ڕۆژێکی زۆر تایبەتە لەلای ھەمووان، ڕەنگە ئەم ڕۆژە تایبەتە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی نێوان دوو کەس نەبێت بەڵکو دەکرێت تایبەت بکرێت بۆ خۆشەویستی نێوان ئەندامانی خێزان بە بەخشینی دیارییەک و زۆرجار ئەم ڕۆژھە دەبێتە ھۆکار بۆ زیاتر نزیکبوونەوەی خێزان و پەیوەندییەکانییان".
لە ڕۆژی ڤاڵانتاین جگە لە پێشکەشکردنی گوڵ، ھەندێکجار پارە و زێڕ و ئۆتۆمبێل دەکرێتە دیاری، لە یەکێک لە دوکانەکانی گوڵفرۆشیی، کەسێک بڕی پەنجا ھەزار دۆلاری بە گوڵ دەورداوە و دەیەوێت بیکاتە دیاری بۆ خۆشەویستەکەی، ھاوکات کەسێکی دیکەیش سویچی ئۆتۆمبێلێکی مارسیدسی لەناو چەپکەگوڵێک شاردووەتەوە و دەیەوێت لەم ڕۆژەدا سوپڕایز بۆ خۆشەویستەکەی بکات.
خاوەنی گوڵفرۆشیی فڵاوەرس، دەرباز عەبدولڕەحمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم ڕۆژەدا خەڵک زیاتر گوڵی سوور پێشکەش بە خۆشەویستانی دەکات، بەڵام ئەوەی جیاوازە لە ساڵانی پێشووتر، بۆ ئەمڕۆ کەسێک ھاتووە بڕی پەنجا ھەزار دۆلاری بە گوڵ دەورداوە و دەیکاتە دیاری بۆ خۆشەویستەکەی، بە ھەمانشێوە کەسێکی دیکەش سویچی ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدسی لەناو گوڵی سووردا شاردووەتەوە و دەیکاتە دیاری بۆ خۆشەویستەکەی".
خاوەنی یەکێکی دیکە لە فرۆشگاکانی گوڵفرۆشتن ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ ئەم بۆنەیە داوای ١١ هەزار گوڵی سووریا‌ن کردووە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەندێک لە کڕیارەکانییان چەند رۆژێک پێش ڤاڵانتاین سەردانی فرۆشگاکەیان دەکەن و خواستهكانییان دەخەنەڕوو.
خاوەن فرۆشگای ئەمستردام بۆ گوڵی سروشتیی لە شاری ھەولێر، به‌ختیار عومه‌ر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''له ڕۆژی ڤاڵانتایندا خه‌ڵك زیاتر خواستی له‌سه‌ر گوڵی سوور هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش به خۆشه‌ویستیانی بكات، بۆ ئه‌مساڵیش ئێمه پێشتر ئاماده‌كارییه‌كانمان كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌م ڕۆژه‌دا خواستی كڕیاره‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین''.
له‌باره‌ی جۆری گوڵ و چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنیان، به‌ختیار عومه‌ر گوتی: ''گوڵه‌كان له وڵاتانی هۆڵه‌ندا و كینیا هاورده ده‌كرێن، له جۆری گوڵی سووری قه‌دیفه‌یه، بۆ ئه‌مساڵ نزیكه‌ی ١١ هه‌زار گوڵمان هاورده كردووه، خه‌ڵك بیست ڕۆژ پێشتر داواكاری هه‌بووه و ئێمه‌ش ئاماده‌كاریمان كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی له ڕۆژی ڤاڵانتاین بۆیان ته‌واو بكه‌ین''.
بەگشتی گوڵ ٢٥ جۆری هەیە، هەندێکیان وەرزیین و هەندێکی دیکەش گوڵی چوار وەرزەن، ئەوەی ئێستا له شوێنه‌كانی گوڵفرۆشیی ده‌بینرێت گوڵی ڕۆزه كه گوڵێكی ڕه‌نگ سووره و زیاتر ئه‌م جۆره‌یان بۆ ڕۆژی ڤاڵانتاین و ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی به‌كاردێت.
لە ڕۆژی ١٤ی شوباتی ھەموو ساڵێک، بەشێک لە خەڵک ئاھەنگ بۆ یادی ڕۆژی قەشە ڤاڵانتاین و خۆشەویستی و سۆزداری دەگێڕن و خۆشەویستان لەم ڕۆژەدا، خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن بەشێوەی ناردنی کارتی ڤاڵانتاین، گوڵی سوور، نوقڵ و شیرینی بۆ ئەو کەسەی کە خۆشیان دەوێت.