Mesut Varol
13 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2023
وان – AA
لە ئەنجامی شیکارییەکان دەرکەوتووە ئەو هەنگوینەی لە کوێستانەکانی پارێزگای وان بەرهەم هێندراوە کوالێتی بەرزە و بە بەهای پڕۆلین دەوڵەمەندە.
لە میانی ئامادەکارییەکانی تیمە پەیوەندیدارەکانی وان بۆ گرنگیدان و ناساندنی هەنگوینی وان، پاییزی ساڵی رابردوو ٥٠ و بەهاری ئەمساڵیش ٥٠ نموونەیان لەو هەنگوینە وەرگرتووە کە لە کوێستانە بە گژوگیا دەوڵەمەندەکانی هەریەک لە قەزاکانی چاتاک، باهچەسەرای و گەڤاش بەرهەم هێندراون.
دوای ئەنجامدانی شیکاری پێویست لە تاقیگەکانی دامەزراوەی پەسەندکردنی تورکیا دەرکەوتووە هەنگوینی کوێستانەکانی وان کوالێتی بەرزە و بە بەهای پڕۆلین دەوڵەمەندە.
تیمە پسپۆڕەکان لە شیکارییەکاندا بۆیان دەرکەوتووە بەهای پڕۆلین (یەکێکە لە ٢٠ ترشە ئەمینۆیەکانی پێکهێنەری پڕۆتین) هەرە کەم ٣١٢ و هەرە زۆریش هەزار و ٥٥٦ میلیگرام/کیلۆگرامە لە نموونە وەرگیراوەکاندا.
- "بووە بە یەکێک لە هەنگوینە هەرە باشەکانی جیهان"
ئەندازیاری کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکان، تاهیر کەچەجی کە پڕۆژەکە بەڕێوە دەبات بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "هەنگەکان ئەم هەنگوینەیان لە بەرزاییەکانی وان کە بە چەندین جۆر گژوگیا دەوڵەمەندن بەرهەم هێناوە".
کەچیجی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە شوێنە جیاوازەکان بە تێکڕایی ١٠٠ نموونەیان وەرگرتووە و گوتی: "دوای ئەنجامدانی شیکارییەکان دەرکەوت بەهای پرۆلین تاکو هەزار و ٥٥٦ هاتووە. بەم جۆرە هەنگوینی کوێستانەکانی وان گەیشتە ریزی باشترین هەنگوینەکانی جیهان و تۆمار کرا. ئێستا لە ئەورووپا بەهای پرۆلینی ١٨٠ و لە تورکیا بەلایکەم بەهای پرۆلینی ٣٠٠ وەک هەنگوینی شیاو لەقەڵەم دەدرێت. بەڵام لە وان بەهای پرۆلین گەیشتووەتە هەزار و ٥٥٦. ئەمە لەم بەرزایییانە بەرهەم هێندراوە کە هەزار و ٦٠٠ بۆ هەزار و ٨٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن. لەو ناوچانە گژوگیا بە تەواوی سروشتی و خۆڕسکە و لە مادەی کیمیایی و دەرمانی کیمیاییەوە دوورن".
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی باخچەسارای، مەهمەت ئەڵڵاڤەردی بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی گرنگترین هۆکاری کوالێتیی وان بۆ دەوڵەمەندی بە گژوگیای سروشتی و خۆڕسک دەگەڕێتەوە، گوتی: "چەندین جۆری گژوگیا هەیە تایبەتە بە ئێرە. لێرە کەشێکی سروشتی هەیە و بە هیچ جۆرێک دەرمان و مادەیی کیمیایی بەکار ناهێندرێت".
لای خۆیشیەوە هەنگەوان فاتیح ئۆنەر سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو شوێنەی هەنگەکانیان بۆ بردوون نزیکەی دوو هەزار مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، گوتی: "بەهۆی ئەوەی لە مادەی کیمیایی و هەوای پیسبووەوە دوورن، کوالێتی هەنگوینەکەمان زۆر باشە".