Salim Xemexan
30 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2017
ھەڵەبجە - AA
سەرپەرشتیاری کارگێڕی رووپێوی ونبووان، ھۆشمەند موراد کە رووپێویەکە لە لایەن کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و بە پشتگیری کۆمسیۆنی ونبووانی جیھانی ئەنجامی داوە، ئاماری ونبووانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجەی ئاشکرا کرد و بە گوێرەی ئامارەکە کە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ئەنجامدراوە، ٣٣٧ کەس بە ھۆی کۆی رووداوەکانەوە بێ سەروشوێن بوون.
ھۆشمەند موراد گوتی: "کۆی ئەو کەسانەی لەم رووپێویەدا ناویان تۆمار کراوە ٣٣٧ کەسە کە سەربە ١٦٠ خێزانن، ٢١٣ کەسیان کە ٦٣% دەکات لە رەگەزی نێرن و ١٢٤ کەسیان ٣٧% دەکات لە رەگەزی مێن، ١٦ کەسیان کە سەربە ١٦ خێزانن ونبووی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان ئێران – عێراقن و ٢١١ کەسیان کە سەر بە ٧٩ خێزانن ونبووی کیمیابارانی ھەڵەبجەن و ٦١ کەسیان کە سەر بە ٢٢ خێزانن ونبووی شاڵاوی ئەنفالن و چوار کەسیان کە سەربە چوار خێزانن ونبووی کۆڕەوی ١٩٩١ی خەڵکی کوردستانن و چوار کەسیان کە سەربە دوو خێزانن ونبووی شەڕی ناوخۆن و ٤١ کەسیشیان کە سەربە ٣٧ خێزانن ونبوون بە ھۆکاری ترن کە بەشێکیان لەو کەسانەن لەماڵ دەرچوون و نەگەڕاونەتەوە یان لە رێگەی ھەندەران ونبوون".
راگەیاندنی ئاماری ونبووانی ھەڵەبجە لە مەراسیمی رۆژی جیھانی ونبوواندا دوای ئەوە ھەتا لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بە پشتگیری کۆمسیۆنی ونبووانی جیھانی (ICMP) رووپێویەکی تایبەتی بۆ تۆمارکردنی ونبووان دەستپێکرد و ئەمڕۆش کە رۆژی جیھانی ونبووان بوو ئەنجامەکەی راگەیەنرا.
دەربارەی رۆژی جیھانی ونبووان مامۆستای وانەی جینۆساید و مافی مرۆڤ لەبەشی یاسای زانکۆی ھەڵەبجە، ئاوارە حسەین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ قسەی کرد و گوتی: "ساڵی ١٩٩٦ و لەسەروبەندی کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت وڵاتە پیشەسازیەکەی جیھان لە شاری لیۆن، بیل کلنتۆن پێشنیازی دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی کرد بۆ کەسانی ونبوو، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان لە ئاڵۆزیەکانی ھەرێمەکانی پێشووی بەلقان و جینۆسایدی کۆسۆڤۆ ونبووبوون، ئەوەبوو پێشنیازەکە قبووڵکرا و کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی ونبووان دامەزرا کە بارەگاکەی لە شاری لاھایە".
گوتیشی: "ئەم کۆمسیۆنە ھەوڵ دەدات ئەو کەسانەی بە ھۆی تاوانەکانی جەنگ و رووداوە سروشتیەکانەوە ونبوون و لە خێزانەکانیان دابڕاون لە رێگەی پشکنینی DNA و ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانەوە کەسە ونبووەکان شاد بکاتەوە بە کەسوکاریان، کە ئەمە بۆ ئێمە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بتوانین سوودی لێوەربگرین و لە رێگەی ئەم کۆمسیۆنەوە سۆراخی ونبووەکانمان بکەین و کاری جیددی بۆ دۆزینەوە و ئاشناکردنەوەیان بە کەسوکارەکانیان بکەین".
ئاوارە حسەین زانیاری زیاتری خستە روو و گوتی: "لە ٢١/١٠/٢٠١٠ کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی٣٠ی ئابی بە رۆژی جیھانی ونبووان ناساند و سێ ساڵ پێشتر و لە پاریس کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رێککەوتننامەیەکی لەم رووەوە پێکھێنا و ئەم رێککەوتننامەیەش بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە لە ٦/٢/٢٠١٧ دەرچوو بە ناوی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی ھەموو کەسێک لەونبوون کە لە ٤٥ ماددە پێکھاتووە و تائێستا ٩٦ دەوڵەت واژوویان کردووە بەڵام ٥٤ دەوڵەت ئەندامە و عێراق یەکێکە لەو ئەندامانە و بە پێی ئەو رێککەوتننامەیە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرک دەخاتە سەر ئەندامەکانی ئەوانەی ونبوویان ھەیە لە رێگەی رێککەوتننامەکەوە بتوانن کەسە ونبووەکان بدۆزنەوە و رێ لەونبوونی خەڵکی بگیرێت، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە کە ئێمە وەکو کوردستان و ھەڵەبجە دەتوانین سوودی لێوەربگرین و عێراق بخەینە ژێر باری دۆزینەوەی ونبووەکانمان، ھاوکات یاساکە ونکردنی ھەر کەسێک بە تاوان دەناسێنێت، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی ونبووان کە لە ماددەی ٢٤ی رێککەوتننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە".
لای خۆیەوە سەرۆکی بەشی کۆکردنەوەی زانیاریەکان لە کۆمسیۆنی ونبووانی جیھانی، ئەدین یاراشاگیچ کە بەشداریی مەراسیمەکەی کردبوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "کاری ئێمە لەم رووپێویەدا پشتگیری ماددی و راھێنانی کەسەکان بووە بۆ تۆمارکردنی زانیاریی و چۆنیەتی کارکردن لە رووپێویەکەدا، کە ئامارێکی ورد و تۆکمە بەردەست کەوتووە و کاری لەسەر دەکەین، ھەمیشە قۆناغی یەکەمی کاری کۆمسیۆنەکەی ئێمە رووپێوی و ئاماری وردی ونبووانە، دواتر دەتوانین کار بکەین بۆ دۆزینەوەی ونبووان و پاشان ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ناساندنەوەیان بەخێزانەکانیان، کۆمسیۆنەکەی ئێمە لە مانگی ھەشتی ساڵی ٢٠١١ لە رێگەی ئەنجامدانی پشکنینی DNAیەوە ١٦ هەزار و ٢٨٩ کەسی لە ئەنجامی جینۆسایدەکانەوە دابڕابوون لە کۆسۆڤۆ، بە خێزانەکانیان شادکردەوە، نزیکەی ھەشت ھەزار کەس لە فلیپین کە بە ھۆی رووداوە سروشتیەکانەوە ونبووبوون شادکردووەتەوە بە کەسوکارەکانیان. لە عێراق و کوردستانیش ھەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی ونبووەکان و لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و مافی مرۆڤی عێراقی لە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و کاروباری شەھیدان لە ھەرێم لەپەیوەندیداین".
ئەدین یاراشاگیچ گوتیشی: "بە داخەوە ئەمڕۆ لە عێراقدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس ونبوون و رۆژ بەرۆژیش ژمارەی ونبووان لە زیادبووندایە، بۆیە ئێمە لەم وڵاتە لەپاڵ ئەوەی بەدوای ونبووانەوەین، دەشمانەوێت کۆتایی بەو ونکردنی خەڵکی بھێنین، ئەویش لە رێگەی کەمکردنەوەی توندوتیژیەکانەوە دەبێت".