Sarmand Hameed
05 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2021
بەغدا - AA
سەندیکای مامۆستایانی عێراق داوای لە سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح کرد پرۆژە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵی پەسەند نەکات کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندکرا، تاوەکو هەموار دەکرێتەوە بەجۆرێک کە مافی هەزاران مامۆستای گرێبەست لە قوتابخانەکان دەستەبەر دەکات.
نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت هەزاران مامۆستا بەشێوەی گرێبەست و خۆبەخش لە قوتابخانەکان وانە دەڵێنەوە بە ئومێدی بەهەمیشەییکردنیان و وەرگرتنی مووچەی مانگانەیان.
نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق، عەباس سودانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە بەغدا ئەنجامیدا رایگەیاند، مامۆستایانی گرێبەست خزمەتێکی زۆریان بە پەروەردە و فێرکردن کردووە، مانگانە بەبێ هیچ بەرامبەرێک دەوامیان کردووە.
سودانی راشیگەیاند، سەرجەم مامۆستایان پشتیوانی لە مامۆستایانی خۆبەخش دەکەن بۆ بە هەمیشەییکردنیان.
خۆپیشاندانی مامۆستایانی گرێبەست و خۆبەخش لە ١٥ پارێزگاکەی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق داوای لە سەرۆکایەتی ئهنجوومهنی وەزیران کرد بڕگهیهك لە بوودجەدا زیاد بکەن تاوەکو مامۆستایانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی و رایگهیاند، داوا دەکەین بوودجە پەسەند نەکرێت تاوەکو بڕگەی تایبەت بە مامۆستایان هەموار دەکرێتەوە.
لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١دا، بڕگەیەک لەژێر ناونیشانی "مینحە" بۆ مامۆستایانی گرێبەست جێگیرکراوە، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکەی روونکرابێتەوە، ئەمەش لەلایەن سەندیکای مامۆستایانەوە رەتکراوەتەوە.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش، مالک هادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی کە بەشێوەی خۆبەخش لە کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە سەرتاسەری وڵات کاردەکەن نزیکەی ١٤٠ هەزار کەس دەبن.
لە رۆژی پێنجشەممەوە و رۆژێک دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی باشووری وڵات دەستیپێکرد و دواتر سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی وڵاتی گرتەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ پەسەندکرد کە تێکڕای خەرجییەکانی بە ١٢٩ تریلیۆن دینار (٨٨ ملیار دۆلار) جێگیرکراوە.