Firdevs Yüksel
06 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
له بازاڕه نێودهوڵهتییهكاندا، یهك بهرمیل خاوی برێنت به ٥٣ دۆلار و ٨٨ سهنت مامهڵهی پێوەدەکرێت.
دوێنێ نرخی یهك بهرمیل خاوی برێنت گهیشته، ٥٣ دۆلار و ٨٠ سهنت و رۆژهكهی به ٥٣ دۆلار و ٦٠ سهنت تهواو كرد.
ئهمڕۆش له كاتژمێر ٠٩:٢٢وە نرخەکەی به بهراورد به كاتی داخستنی بازاڕ بهڕێژهی لهسهدا ٠،٥٢ بەرزبووەوە و به ٥٣ دۆلار و ٨٨ سهنت مامهڵهی پێوه دەکرێت.
لە هەمان کاتدا یهك بهرمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس WTI به ٥٠ دۆلار فرۆشرا.
لە ١٣هەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی ئۆپیک پڵاسدا رووسیا و کازاخستان رێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە مانگەکانی شوبات و ئاداردا بە هۆکاری وەرزی، ئەندامانی دیکەش بڕیاریاندا لەسەر هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای وڵاتەکەیان.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری وزەی سعوودیە، عەبدولعەزیز بن سەلمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە ئابووریی وڵاتانی ئەندام و بازاڕی وزە سعوودیە لە مانگەکانی شوبات و ئاداردا خۆبەخشانە بڕی یەک ملیۆن بەرمیلی دیکە لە بەرهەمی نەوتی رۆژانە کەمدەکاتەوە.
ئەو بڕیارە لەناکاوەی سعوودیە بۆ کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت، بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەکەی.
هەروەها رۆژی یەکشەممە ئێران لە کەنداوی بەسرە کەشتیەکی نەوت هەڵگری بە هۆی پیسکردنی ژینگەوە دەستبەسەردا گرت کە ئاڵای کۆریای باشووری هەڵکردبوو، بەو هۆیەشەوە گرژیی کەوتە نێوان ئەو دوو وڵاتە کە ئەوەیش کاریگەربوو لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا.
لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی توندکردنی رێوشوێنەکانی کەرەنتینە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپادا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا، نیگەرانی هەیە لەبارەی لاوازی داخوازی لەسەر نەوت، ئەوەیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی نرخەکەی سنووردارکردووە.
دوای بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە بەریتانیا کە خێراتر بڵاودەبێتەوە، رۆژی یەکشەممە بۆ جاری سێهەم کەرەنتینە راگەیەندرا.
دوێنێش لە ئەڵمانیا سنووردارکردنی هاتوچۆ توندکراو و رێوشوێنەکان کە لە ١٦ی کانوونی یەکەمەوە گیراونەتەبەر تا ٣١ی کانوونی دووەم درێژکرایەوە.
باس لەوەیش دەکرێت كه رهنگه لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٥٣ دۆلار و ٩٤ سهنت بۆ ٥٤ دۆلار و حەوت سهنت بەرهەڵستی بنوێنێت و، نرخهكهی لهنێوان ٥٣ دۆلار و ٨١ سهنت بۆ ٥٣ دۆلار و ٦٨ سهنت بمێنێتهوه.