28 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2017
دوبەی ــ AA
وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح رایگەیاند كە هێشتا زووە قسە لەسەر ناكۆكییەكان لە بارەی درێژكردنەوەی رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دوای مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٨ بكەن.
لە پەراوێزی ئەو كۆنگرەییەی كە یەكێتی كەنداو بۆ پترۆكیمیایی و كیمیایی (جیكا) لە شاری دوبەی سازی كردووە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی سی ئێن بی سی عەرەبییە، خالید فالح گوتی: "بە پێی لێكۆڵینەوەكان، بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ماوەی پێویست بۆ گەیشتن بە ئاستی ئاسایی نەوتی كۆگاكراوی جیهانی".
وەزیری وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوەشدا كە ئاستی سروشتی نەوتی كۆگاكراو، پرسێكی هونەرییە و پێویستی بە لێكۆڵینەوە و گفتوگۆكردنی نێوان سەرجەم لایەنەكان هەیە.
خالید فالح گوتیشی: "تاكە رێگەی چارەسەر ئەوەیە چاوەڕەوانی كۆبوونەوەكەی رێكخراوی ئۆپێك بكەین كە لە میانی دوو رۆژی داهاتوو لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت، هەروەها سبەی چوارشەممە كۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری بۆ رێككەوتنەكەی ئۆپێك هەیە كە بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوتی كوێت و وەزیری وزەی رووسیا و بە ئامادەبوونی سعوودیە بەڕێوەدەچێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا گوێ لە دید و بۆچوونەكان سەبارەت بە گەیشتن بە چارەسەرێكی هاوبەش كە لە بەرژەوەندی بازاڕ و بەرهەمهێنەران و بەكاربەران بێت، دەگیرێت كە ئەمەش ئامانجی سعوودیە و سەرجەم وڵاتانی بەشداربووی كۆبوونەوەكەیە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ بە سەركردایەتی رووسیا، لەسەر كەمكردنەوەی یەك ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بۆ ماوەی شەش مانگ رێككەوتن.
دواتر لە مانگی ئایاری رابردوو، رێككەوتنەكە بۆ نۆ مانگی درێژكرایەوە كە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٨ كۆتایی پێ دێت.