Salim Xemexan
23 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2017
ھەڵەبجە - AA
بەرپرسی گشتی رێکخراوەی مانگی سووری تورکی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، گۆکسەن یەنیگول لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وردەکاریی ھاوکاریەکانی رێکخراوەکەی لە ھەرێمی کوردستان و باکووری عێراق بۆ ئاوارەکان و خەڵکانی کەم دەرامەت خستە روو و گوتی: "لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە کە زیاتر لە سێ ساڵە بە شێوەیەکی چالاک لە باکووری عێراقدا لە مووسڵ و کەرکووک و ھەولێر لە کارداین و لە ٤١ کەمپدا خزمەتەکانمان پێشکەشکردووە لە رووی خواردن و خواردەمەنی و جلوبەرگ و کەلوپەل و چادرەوە، ماوەیەکیشە لە ھەڵەبجە چالاکییەکانمان دەستپێکردووە و رێژەیەکی باش خۆراک و جلوبەرگمان لەم شارە دابەشکردووە و ئەمڕۆش قۆناغێکی تری ھاوکاریەکانمان ھێناوەتە شارەکە و بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە خواردن و جلوبەرگمان بۆ ٥٥٠ خێزان ھێناوە".
گوتیشی: "لەماوەی ئەم سێ ساڵی کارکردنەمان ٤٧٦ بارھەڵگر خۆراک و پێداویستی و جلوبەرگ و چادرمان وەک ھاوکاریی پێشکەش کردووە و نزیکەی ٢٢ ھەزار خێزان لەم ھاوکاریانەی ئێمە سوودمەند بوون کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠ ھەزار کەسی گرتووەتەوە و کۆی تێچووی ئەو ھاوکاریانەش پێشکەشکراون ١٠ ملیۆن دۆلار بووە".
سەبارەت بە چالاکیەکانیشیان لەسەروبەندی جەژنی قورباندا یەنیگول گوتی: "لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە بەھای ٣٩٥ ھەزار دۆلار لە جەژنی قورباندا قوربانیمان کردووە و ئەمساڵیش بۆ چوارەم جار لە ھەولێر قوربانی دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش تەنھا بۆ ئەم جەژنی قوربانە ١٩٣ ھەزار دۆلارمان تەرخان کردووە".
بەرپرسی گشتی رێکخراوەی مانگی سووری تورکی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق راشیگەیاند "بە گوێرەی پلانی تایبەتی رێکخراوەکەمان تا ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام دەبین لە گەیاندنی ھاوکاریەکانمان بەم ناوچەیە".
گوتەکانی گۆکسەن یەنیگول لە میانی دابەشکردنی ھاوکارییەکانی رێکخراوەکەدا ھات لە رێگەی رێکخراوی سەروەری ھەڵەبجەوە بەسەر ١٠٠ منداڵی بێباوکی شارەکەدا.
لەو مەراسیمەدا سەرۆکی رێکخراوی سەروەریی ھەڵەبجە، ئیقباڵ غەفار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ بە ھاوکاریی مانگی سووری تورکی و لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی، ھاوکاریی بەسەر سەد منداڵی بێ باوکی ھەڵەبجەدا دابەش دەکەین کە پێکھاتووە لەجلوبەرگ و خۆراک".
گوتیشی: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە بەرپرسی نوێی رێکخراوی مانگی سووری تورکی لەگەڵ دەستبەکاربوونی ھاتە ھەڵەبجە و ئامادەی دابەشکردنی ھاوکاریەکانە و بەو بۆنەیەوە ھاوکاریەکانیان دەکەنە جەژنانە بۆ سنوورەکەمان و تا رۆژی جەژن ھاوکاریی پێشکەشی ٥٥٠ خێزان دەکەین".