Mazın Asad
20 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون رایگەیاند : "لەبەیانییەوە بەپێی پێویست ھێزە زەمینییەکانمان دەست بە چالاکییەکانیان دەکەن".
یڵدرم لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەھەپە، دەوڵەت باخچەلی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و گوتی: "ھەنگاوی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە بە رێگەی یەکینەکانی ئاسمانی سوپای تورکیا ئەنجامدرا و زۆربەی ئامانجەکان خاپوور کران".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "خوا ھاوکاری سەربازەکانمان بکات. خوا ھێزیان زیاتر بکات. پێویستە ھەزاران قارەمانی ئێمە لەو شوێنە (سووریا) ئەوە بزانن کە ٨٠ ملیۆن کەس نزایان بۆ دەکەن و پشتویانیانن".
بینالی یڵدرم ھەر لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەفرین رایگەیاند: "کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە وردی خوێندنەوەی بۆ کرابوو جیا لەمەش ئەو ئۆپەراسیۆنە زۆر گرنگە. ناوەکەشی مانادارە و چالاکییەکانیشی".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەو ئۆپەراسیۆنە ھەم لە رووی دیپلۆماسی، ھەم لە رووی ھێزە چەکدارییەکان و ھەمیش لە رووی رای گشتییەوە بە باشی پلانی بۆ دانراوە ".
یڵدرم ھەروەھا گوتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە مافێکی شەرعی تورکیایە لە چوارچێوەی یاساکانی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئۆپەراسیۆنەکە ناوی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتوونە. ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە دەستەبەرکردنی ئاشتی، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانییە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەبارەی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند: "ئامانجی کۆماری تورکیا، ھەرگیز زیانگەیاندن نییە بە یەکپارچەیی خاکی سووریا. ئامانجی ئێمە لەم ئۆپەراسیۆنە پاراستنی سنوورەکانی باشوورمانه و رێگرییە لە ھێرشکردنە سەر ناوچەی قەڵغانی فوڕات و پاراستنی خەڵکی سڤیلە لە شارەکانی سەر سنووری تورکیا. ھاوکات یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەی ئەم ئۆپەراسیۆنە بریتییە لە رزگارکردنی برایانی کورد، عەرەب و تورکمانەکانی عەفرین لە گوشار و ستەمی رێکخراوی تیرۆریستی".
بینالی یڵدرم لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "ماوەی سێ ساڵە ستەمکاری رێکخراوی تیرۆریستی لە ناوچەکە گەیشتووە ئەو ئاستەی کە ٣٥٠ ھەزار مرۆڤ لە ناوچەکە ناچاری کۆچ بوون و ٣٥٠ ھەزار لە برا کوردەکانمان لەوێدا گیانی خۆیان رزگار کرد و لە وڵاتەکەمان نیشتەجێ بوون. بۆیە پرۆپاگەندەیەکی رەشی وەک 'لە عەفرین بۆ لەناوبردنی کوردەکان ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت' ھەرگیز و ھەرگیز راست نییە. ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەکرێت بۆ رزگارکردنی مرۆڤە بێ تاوانەکانی وەک کورد و عەرەبە لە ستەمکاریی رێکخراوی تیرۆریستی جواداخواز و دەستخوێناوی لە ناوچەکەدا".