Yasin Dikme,Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
08 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2018
ئورفا - AA
ئورفا کە بە خواردنە بەلەزەتەکان و دەوڵەمەندیی لە رووی جۆری خواردنە ناوچەییەکانەوە بە کەبابەکەی ناسراوە، لەگەڵ کەمبوونەوەی سەربڕینی ئاژەڵاندا، قەساب و کەبابچییەکان لە دەستکەوتنی جگەری ئاژەڵدا تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە.
بە هۆی زۆریی بەکارهێنانی گۆشتی سوور، رۆژانە ٥٠٠ تا ٦٠٠ ئاژەڵی بچووک سەردەبڕدرێن و لەکاتی پێویستیشدا لە پارێزگاکانی دەورووبەرەوە جگەر و دڵ و گورچیلە بە مەبەستی بەکارهێنان لە ئامادەکردنی خواردندا بۆی دەهێنرێت.
لەگەڵ کەمبوونەوەی سەربڕینی ئاژەڵانیشدا نرخی هەناو و سەر و پێ زیادیکردووە.
پێشتر کیلۆی هەناوی ئاژەڵ بە ٢٠ تا ٢٥ لیرە بوو و لە ئێستادا بۆ ٣٠ تا ٣٥ لیرە بەرزبووەتەوە و بەو هۆیەوە قەساب و کەبابچییەکان لە دەستکەوتنی جگەر کە بەزۆریی بەکاردەهێنرێت تووشی ئاستەنگ بوونەتەوە.
سەرۆکی ژووری قەسابەکانی ئورفا، عەباس تومبوڵ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد سەربڕینی ئاژەڵی بچووک و رەشەوڵاخ لە شارەکە کەمیکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەناو.
عەباس تومبوڵ باسی لەوەشکرد لە مانگەکانی وەرزی زستاندا سەربڕینی ئاژەڵ کەمدەبێتەوە و رایگەیاند: ''ئورفا ناوەندی ئاژەڵدارییە. پێشتر رۆژانە ٥٠٠ تا ٦٠٠ ئاژەڵ سەردەبڕدران. لە ئێستادا ١٠٠ تا ٢٠٠ ئاژەڵ سەردەبڕدرێن. پێشتر رۆژانە نزیکەی دوو تۆن جگەر لە شاردا هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو ژمارەیە کەمیکردووە. رۆژانە سێ بۆ پێنج تۆن جگەر بەکاردەهێنرێت. نیوەی زیاتری ئەو بڕە لە هەریەک لە ئەرزەڕۆم، دیاربەکر، عەنتاب، ئادیامان و پارێزگاکانی دەورووبەرەوە دێن. لەبەر ئەوەش کە لەوێ ئاژەڵ سەرنابڕن، نرخی جگەر بەرزبووەتەوە. پێشتر بە ٢٠ تا ٢٥ لیرە بوو، ئێستا بە ٣٥ لیرەیە''.
لای خۆیشییەوە سەرۆکی ژووری خاوەن چێشتخانەکان و شیرینەمەنییەکان، مەهمەت کاچاک ئاماژەی بەوەکرد لە تورکیا بە گشتی و لە ئورفا بەرهەمەکانی گۆشت کەمیانکردووە.
مەهمەت کاچاک بە پێویستی دەزانێت رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ پێگەیاندنی ئاژەڵ و گوتی: "بە هۆی ئەوەی ساڵی رابردوو ئاژەڵ زۆر سەر دەبڕدرا، جگەر نرخی گونجاو بوو. ئەمساڵ جگەر زۆر کەمە جاران کیلۆیەکمان بە ٢٠ تا ٢٥ لیرە دەکڕی، ئێستا کیلۆیەکمان بە ٣٥ تا ٤٠ لیرەش دەست ناکەوێت. بەدڵنیاییەوە ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر نرخی خواردن و گۆشت. ژمارەیەک کەس پۆرسیۆنەکان بچووک دەکەنەوە و بە هەمان نرخی دیاریکراو دەیفرۆشن ژمارەیەکیش نرخەکانیان بەرزکردۆتەوە. ئێستا لە هەندێک شوێن یەک پۆرسیۆن جگەر بە ١٠ تا ١٢ لیرە دەفرۆشرێت. ئاژەڵداری بۆ ئەم ناوچەیە زۆر گرنگە. ئەگەر لێرە پەرەی پێ بدرێت کاریگەری ئەرێنی دەکاتە سەر ژیانی فرۆشیاران".
عیزەددین ساڵدرجی گۆشتفرۆشیش لە گۆڕەپانی هاشیمییە رایگەیاند کە بە هۆی کەم سەربڕینی ئاژەڵەوە نرخی هەناوی ئاژەڵەکانیش نزیکبۆتەوە لە نرخی گۆشت و گوتی: "خەڵکانی هەژار و وەستاکانی برژاندنی جگەر هەناویان دەکڕی کە نرخی ئەویش بەرزبووەتەوە ئیدی هەژاران وەک جاران ناتوانن بیکڕن. بەرزبوونەوەی نرخ کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر خواردنگەکانی برژاندنی جگەریش. بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە بەشی هەناوی ئاژەڵان لە پارێزگاکانی دیکەوە دەکڕین".
وەستای جگەر، نادر بایدرڵی ئاماژەی بەوە دا کە لە شارەکە نزیکەی چوار تۆن جگەر دەخورێت و گوتی: "بەدەست کەمی و گرانی جگەرەوە دەناڵێنین، بۆیە لە دەرەوەڕا دەیهێنین. ئەمەش گرانمان لەسەر دەوەستێت. یەک کیلۆ جگەر بە ٣٥ لیرە دەکڕین، دوای شوشتنەوە و پاککردنەوە و فڕێدانی بەشە زیادەکەی یەک کیلۆ ٤٠ لیرەمان لەسەر دەکەوێت کە نرخەکان ئاوایان لێ هاتووە فرۆشیار بیەوێت و نەیەوێت ناچارە گرانی بکات. جاران یەک پۆرسیۆن بە ١٠ لیرە بوو ئێستا بە ١٥ لیرەیە".