Sangar Hamad Azeez,Mazın Asad
05 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2017
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن: "سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم بە مەبەستی تاوتوێ کردنی بابەتەکانی بونیاتنانەوەی مووسڵ، تەلەعفەر، شنگال و شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە و بنکەی سەربازیی باشیک سەردانی عێراق دەکات".
کاڵن لە میانی بەشداری کردنی لە پرۆگرامێکی تایبەتی کەناڵی ٢٤ی تورکی سەبارەت بە بابەتە هەنووکەییەکان وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم بۆ عێراق، ناوبراو گوتی" رۆژی شەمە و یەکشەمە سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات، لە سەردانەکەیدا جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەکرێتەوە هەروەها تاوتوێی بارودۆخی ئێستای وڵاتەکەش دەکرێت".
کاڵن ئاماژەی بەوە کرد لە دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە قەندیل و شوێنەکانی دیکەی عێراق هەنگاوی کاریگەر نەنراون و جگە لەمەش سەبارەت بە بنکەی سەربازی باشیک گرژی روویدا و گوتی :"ئامانجمان لە دامەزراندنی کەمپی باشیک ئاشکرا بوو، دامەزراندنی باشیک بۆ رووبەروو بوونەوەی رێکخراوەکانی تیرۆریستی بوو، بۆسەقامگیری ناوچەکە بوو. سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم بە مەبەستی تاوتوێ کردنی بابەتەکانی بنیاتنانەوەی مووسڵ، تەلەعفەر، شنگال و شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە و بنکەی سەربازی باشیک سەردانی عێراق دەکات".
سەبارەت بە گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کە گوتبووی رێگە نادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆرستی خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ پەلاماردانی تورکیا، کاڵن گوتی: "ئەم روونکردنەوەیە زۆر گرنگ بوو بەڵام ئەمە بە رێککەوت نەبوو بەڵکو دوور رۆژ پێش ئەوە ئەردۆغان لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەرێز عەبادییەوە کرد".
کاڵن گوتیشی: "چاوەڕوانی تورکیا لە بەرپرسانی بەغدا و ھەولێر گرتنی رێوشوێنی پێویستە بەشێوەیەکی روون کە ئەنجامی ھەبێت، چونکە ھەموو لایەک ئاگادارە کە رێکخراوی تیرۆریستی لەوێدا چالاکییەکانی زیاتر دەکات. سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ ئەم ھەڕەشە و ھێرشانە لەسەر خاکی عێراقیەوە کراوە، کەچی خاکی تورکیا نە ھەڕەشەی بووە بۆ عێراق و نە ھێرش لەوێوە کراوە. بۆیە قبووڵکردنی ئەمە مومکین نییە و جێگەی باسیش نییە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەبارەی پرسی شنگالەوە گوتی: "رێکخراوی تیرۆریستی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەوێدا بە تایبەتی بە بیانووی ئێزدییەکان، دەیەوێت پێگەیەک بەدەست بھێنێت. گوتوومانە کە نابێت بەرپرسانی عێراق رێگە بەمە بدەن. ھەرگیز رێگە نادەین شنگال ببێت بە قەندیلی دووەم".
لە وەڵامی پرسیارێک "ئایا دەکرێت لەگەڵ ئیدارەی عێراق کاری ھاوبەش ئەنجام بدرێت و ئۆپەراسیۆن بکرێت؟" کاڵن گوتی: "دۆخی سووریا و عێراق جیاوازە. عێراق سەرەڕای گشت زەحمەتییەکان، حکوومەتێکی ناوەندی و ناوچەیەکی فیدراڵی ھەیە کە پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵیاندا ھەیە. دوای تەماشاکردنی ئەنجامەکان و راوێژکاریکردن، ئێمە درێژە بە رەچاوکردنی دۆخی ئاسایشی ئەوێ دەکەین. بێگومان ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانمان دژی پەکەکە لە قەندیل و دەورەبەری درێژەی ھەیە".
کاڵن لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە پەکەکە پرۆپاگەندەی وەک "تورکیا جەنگی دژی کوردانی تورکیا دەست پێکرد و ناڕەحەتە لە دەستکەوتەکانی کورد" و لەوبارەیەوە گوتی: "تورکیا ھەرگیزاوھەرگیز دژی کوردان نەبووە نە لە سووریا و نە لە عێراق و نە لە شوێنێکی دیکە. بە پێچەوانەوە تورکیا بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا ھەڵوێستی لەبارەی رێکخراوانی تیرۆریستی بەتایبەتیش لەبارەی پەکەکە و پەیەدە و یەپەگە نیشان داوە. چاوەڕوانی ئێمە لە ھاوپەیمانانمان نیشاندانی ھەمان ھەڵوێستە".
لە وەڵامی پرسیارێک کە "ئایا تورکیا ژمارەی سەربازانی لە کەمپی باشیک زیاد دەکات" کاڵن لەوبارەیەوە رایگەیاند: "بەگوێرەی پێویستی ھەڵسەنگاندنی لەسەر دەکرێت. سەربازانمان لە کەمپی باشیک لە ئێستادا مەشق و راھێنان ھەم بە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و ھەمیش بە خۆبەخشەکانی نەینەوا کە لە گرووپە سوننەکان پێکدێن و نزیکەی لە چوار ھەزار کەس پێکدێت".
-"پێگەی کەمپی باشیک تاوتوێ دەکرێت"
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار جەختی لەوەش کردەوە کە لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم پرسی پێگەی کەمپی باشیک تاوتوێ دەکرێت و زیاتر گوتیشی: "ئامانجی ئێمە لەوێ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی تەواوی خاکی عێراق و ھاوکاریکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا "حکوومەتی ناوەندی عێراق، ھەرێمی کوردستان و تورکیا پێکەوە ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش بۆ سەر پەکەکە ئەنجام دەدەن؟" کاڵن گوتی: "لەوبارەیەوە ھەڵسەنگاندنی زارەکی دەبێت. با ببین سەرۆکوەزیرانمان سەردانەکەی ئەنجام بدات، دواتر ھەڵسەنگاندن دەکەین".