Yıldız Nevin Gündoğmuş
08 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لەو باوەڕەدایە ئەو هێرشانەی لەسەر دراو دەکرێن پێچەوانە بکەنەوە و رایگەیاند ''وەک هەمیشە دەیڵێم پشتیوان بە خوا ئەوەش تێپەڕێت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەردانەکەی بۆ قەتەر بۆ رۆژنامەنووسان دوا و باسی لە بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بۆچوونیان لەبارەی یاریکردن بە دراو و هەڵمەتی دەستەی چاودێریی دەوڵەت لەو بارەیەوە گوتی: ''فەرمانمان بە دەستەی چاودێریی دەوڵەت کردووە. دەستەکە لێکۆڵینەوە دەکات لەبارەی ئەوەی کێن ئەوانەی لە پشت ئەو کارەوەن. هەلی بینینی ئەوانەمان دەبێت کە لێرە ئەو کارە دەکەن''.
گوتیشی: ''دوایین ژمارەی یەدەگ ١٢٤ ملیار دۆلارە. ئەم بڕە یەدەگە نیشانەی ئەوەیە کە هیچ ترسێک لە ئارادا نییە. لەبەرئەوە کێشەی یەدەگمان نییە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێست و داواکاری یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی عوسمان کاڤالا و سەڵاحەددین دەمیرتاش رایگەیاند "بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی کاڤالا و دەمیرتاش، بۆمان گرنگ نین و وەک نەبوو سەیریان دەکەین. بەو ئاسانییە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها سەبارەت بە گرژی رووسیا-ئۆکراینا گوتی: ''بە رەزامەندی هەردوولا دەتوانین ئاسانکاریی، نێوەندگیریی یان هەر شێوازە پشتیوانییەکی خوازراو پێشکەش بکەین''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی سەردانەکەی فەرمانڕەوای ئەبوزەبی بۆ تورکیا کە واژووکردنی زنجیرەیەک رێککەوتنی بە دوای خۆیدا هێنا کە ئایا پرۆسەیەکی هاوشێوەی ئەوە لەگەڵ ئیسرائیل و میسردا دەبێت، دەست پێ دەکرێت؟ رایگەیاند "وەزیری دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەبوزەبی. بۆچی پرۆسەیەکی لەو شێوەیەش لەگەڵ ئیسرائیل نەبێت؟ چونکە ئێمە لەناو جیهانێکی ئاشتییدا کار بۆ سەروەری ئاشتیی دەکەین و بۆ ئاشتیی ناوچەکە بە باش و خێرداری دەزانین. لە رابردوودا من دیدارم لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە، بەڵام ئیسرائیل لەم خاڵەدا پێویستە هەستیارتر لەسەر سیاسەتی فەڵەستین لە ناوچەکەدا هەڵسوکەوت بکات. پێویستە بە هەستیارییەوە کار لەسەر قودس و مزگەوتی ئەقسا بکات. کاتێک ئەو هەستیاریانەمان بەدی کرد ئێمەش ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین، هەنگاو دەنێین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەکرێت هەردوولا دووبارە باڵیۆزەکانیان راسپێرنەوە گوتی: ''هەموو ئەوانە دەکرێت. لایەنی ئیسرائیل دەزانێت هەستیاری ئێمە لە چیدایە. ئێمەش دەزانین هەستیارییەکانی ئیسرائیل چین. لەبەرئەوە بە کارکردن بەو هەستیاریانە کارەکە چارەسەر دەکەین''.