Ali Çelik
21 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2023
وان - AA
دوای ئەو شەپۆلی بەفر بارینەی پارێزگاکەی گرتەوە، تیمەکانی شارەوانی قەزای گورپناری سەربە پارێزگای وان، بەردەوامن لە ڕاماڵینی بەفری کەڵەکەبووی سەر شەقامە سەرەکییەکان و ڕێگاوبانەکان.
بۆ ئەوەی شۆفێران لە قەزاکەدا ڕووبەڕووی ڕووداوی نەخوازراو نەبنەوە و ژیانی ڕۆژانە پەکی نەکەوێت، تیمەکانی شارەوانی بەردەوامن لەسەر کارەکانیان و لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی ڕێگا داخراوەکان.
سەرۆکی شارەوانی گورپنار، خەیروڵڵا تانش ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکانیان لە کاردان بۆ ئەوەی ڕێگا سەرەکییەکان دانەخرێن.
گوتیشی: "تیمەکانمان ڕێگاوبانی گەڕەک و گێڵگەکان پاکدەکەنەوە و بەفرە کەڵەکەبووەکان ڕادەماڵن. بەپێی ئەو هەواڵانەی پێمان دەگات بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە بە دەم نەخۆش و ڕووداوە بەپەلەکانەوە دەچین. تیمەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی هاووڵاتیانمان لە ناوچە سەختەکان دووچاری کێشە نەبنەوە، داوا لە هاووڵاتیيانمان دەکەین ئەم شەو و ڕۆژانی داهاتووش ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر".